کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەوانانی بانەیی یادی "محەممەد هەوراز"یان بەرز ڕاگرت

21:53 - 23 خەرمانان 2719

بە بۆنەی ١٦مین ساڵیادی کۆچی‌دوایی شاخەوان و وەرزشوانی ناوداری کورد محەممەد هەوراز، شاخەوانانی بانەیی بە سەرکەوتن بەسەر چیای بابۆس یادی شاخەوانی کۆچکردوو ”محەممەد هەوراز"یان بەڕزڕاگرت. ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی بە بۆنەی ساڵیادی گیان لەدەستدانی شاخەوانی ڵیهاتووی کورد محەممەد هەوراز کە خاوەنی نازناوی جیهانییە لە بواری شاخەوانیدا، وەزشوانان و کەژەوانانی بانەیی پاش سەرکەوتن بە سەر دۆندی بابۆس ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن و یادکردن لە "محەممەد هەوراز"یان بەڕێوە برد. ئەو ڕێوڕەسمە کە بەشداریی کۆمەڵگەی شاخەوانانی بانەو پارێزەرانی ژینگەو ئۆگرانی کوێستان و سروشتی کوردەواری بەڕێوەچوو، بە بۆنەی ١٦ مین ساڵیادی کۆچی‌دوایی محەممەد لە چەند بڕگەدا یادی ئەو شاخەوانە جوانەمەرگە بەرزڕاگیرا. درێژەدەرانی ڕێگای وەرزشوانی بە ئیخلاق و دەروەستی کورد محەممەد هەوراز، لەو یادەدا چەندین گۆرانی و شیعر و سروودیان خوێند و پەیمانی پاڕاستنی ژینگەی کوردستانیان دووپات کردەوە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە محەممەد هەوراز شاخەوانی لێهاتووی کورد لە دایک‌بووی ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە شاری نەغەدەیە کە لە ساڵی ٧٦ی هەتاوی گرووپی شاخەوانی قەندیلی دامەزراند، پاشان لە ساڵی ١٣٧٧ توانی شاخی ئێڤرست کە بەرزترین و ئاستەمترین شاخی جیهانە ببەزێنی. ئەو شاخەوانە ناسراوە ساڵی ١٣٨٢ لە کاتی سەرکەوتن بەسەر شاخی گاشەبروومی یەک، لە وڵاتی پاکستان لەگەڵ موقبل هونەرپژوهـ دەکەوێتە بن هەرەسی بەفر و، لە ڕووداوەدا بە توندی بریندار دەبێ و پاش ٢٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی شەفا لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان کۆچی‌دوایی کرد.