کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی پێداویستیی قوتابیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

21:58 - 23 خەرمانان 2719

لە بەرەبەری پاییزی ئەمساڵدا شتومەک و پێداویستیی خوێندن و نووسینی قوتابیان، ڕادەیەکی بەرچاو گران بووە و بەپێی نرخەکانی ساڵی ڕابردوو، سەتا ٨ و زیاتر گران بووە. پێداویستیی نووسین وەکوو پێنووس و کەلوپەلەکانی دیکەی پێویست بۆ خوێندەواران، لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی خوێندنن بەڵام گرانبوونی ئەو پێداویستییانە وایکردووە کە بنەماڵەکان هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی دابین کردنی‌دا بن تاکوو لە کاتی کرانەەی قوتانخانە و خوێندنگەکاندا تووشی کێشە و گرفت نەبن. بێ دەرەتانیی ئابووری و نەبوونی سەرچاوەی کار بۆ دۆزینەوەی بژیوی ژیانی بنەماڵەکان وایکردووە کە ڕۆژ بەدوای ڕۆژ ژیان ناخۆشتر و ئەستەمتر بێت و باوکان و دایکانی منداڵان وایان لێهاتووە کە بۆ پەیدا کردنی پارەیەکی کەم، ئامادەن هەموو جۆرە کارێکی پڕ مەترسی و ئەستەم ئەنجام بدەن. هەندێک بنەماڵە کە دۆخی ئابوورییان باشە و کێشەیان نییە بۆیان گرینگ نییە کە پێداویستیی خوێندن گران دەبێ یان نا، بەڵام زۆرینەی بنەماڵەکانی کوردستان بۆیان گرینگە کە تمەنێک گرانتربوونی پێداویستییەکان چەندە کاریگەریی لەسەر ئابووریی بنەماڵەیان دادەنێت. ئەمساڵ، کڕینی کەلوپەلی خوێندن و نووسین بووەتە سەرئێشە و دڵەڕاوکێی گەورە بۆ سەر بنەماڵە بێدەرەتانەکان و زۆربەشیان بۆیان دابین ناکرێ. کەلوپەلەکان، لە پێنوس و پەرتووکێکی چکۆلەوە بگرە، تاکوو پێداویستییەکانی دیکە، هەرکام بە جێگای خۆی نرخێکی دیکەی لەسەر دانراوە کە لە هێزی ئابووریی زۆربەی بنەماڵەکاندا نییە.