کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی سەرپێڵ‌زەهاو ماڵە ئاوارەکان لە کەمپەکان دەردەکا

02:15 - 25 خەرمانان 2719

شارەوانی شاری سەرپێڵ‌زەهاو ئەو خەڵکە لە کەمپەکان دەردەکەن کە بە بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٣٩٦ ماڵەکانیان وێران ببوو. شارەوەانی سەرپێڵ‌زەهاو دەستیان کردوە بە دەرکردنی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٣٩٦ و ئاو و بەرقی ماڵەکانیان بڕیوە و لە چادر و ماڵە پلاستیکییەکان دەریان دەکەن. حکوومەت بەجێی ئەوەی کە ماڵیان بۆ دروست بکا و خانوەکانیان بۆ نۆژەن بکاتەوە، لە ماڵە پلاستیکییەکانیش دەریان دەکا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زیانلێکەوتوان ساڵێک بەر لە ئێستا دەبوو حکوومەت ماڵەکانی بۆ نۆژەن کردبانەوە و گەڕابانەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان. لە کاتی بوومەلەرزەکەدا حکوومەت وەک بەرپرسیاری یەکەم نەک هەر نەیتوانی یا نەیویست بە فریای بوومەلەرزەلێدراوان بگات، بەڵکوو بوو بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم هاوکاری خەڵکی کوردستان و جیهان بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە. لە گەڵ بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٣٩٦ لە سەرپێڵ‌زەهاو، گەلی کورد لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان لە هیممەتێکی کەم وێنەدا بە گەیاندنی خۆراک و کەلوپەلی پێویست و کۆکردنەوەی یارمەتی کەڕەنەڤاڵی یەکڕیزی و برایەتیان وەڕێخست و لە هەموو شار و ناوچەکانەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانەی کە ڕێژیم پێکیهێنابوو، توانیان یارمەتییەکانیان بگەیەننە خوشک و براکانیان لە سەرپێڵی زەهاو و ئەو شوێنانەی کە بوومەلەرزەکە زیانی بە خەڵک گەیاندبوو. خەڵکی کورد بۆ جارێکی تر بە دژمنانی کوردیان سەلمان کە کورد هەردەم پشت و پەنای یەکە و ئەو برایەتی و هاوکارییەش هەمیشە لە کاتی ڕووداو و کارەساتەکاندا دەرکەوتوە و خەڵکی کورد بەو کەڕنەڤاڵە نیشانیاندا کە هیچ هێزێک ناتوانێ گەلی کورد لەیەک دابڕێ. شایانی باسە کە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلەی ریشتێر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، سەرپێڵ‌زەهاو ناوەندی بوومەلەرزەکەبوو و زۆرترین زیانی گیانی و ماددی لەو شارە بوو، کە نزیکەی ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠ هەزار کەسیش برینداربوون، بە سەدان خانوو لەو شارە رووخان و وێران بوون.