کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەناتۆر گراهام، خوازیاری هێرش کردن بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ئێرانە

02:18 - 25 خەرمانان 2719

دوای هێرشی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی كۆمپانیای "ئارامكۆ"ی عەڕەبستانی سعوودی، لیندی گراهام، سەناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، خوازیاری گورزی سەربازی بوو بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئیران بە تۆڵەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوەی نەوتیی "ئارامکۆ" لە عەڕەبستانی سعودی. گراهام ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ‌هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی عەرەبستان، لە تویتێردا دژکردەوەی نیشاندا و ئەو کارەی بە نیشانەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لە وێرانکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد، ناوبراو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان تۆمەتبار کرد و دەڵێ :"رێژیمی ئێران هیچ هۆگریەکی بە سوڵح و دانووستان نییە و دەیهەوێ دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگا و دەسەڵاتی ناوچەکە بە دەستەوە بگرێ". ئەو سەناتۆرە ئەمریکاییە لە درێژەدا دەڵی: "ئێستا کاتی ئەوەی هاتوە کە کاربەدەستانی ئەمریکا هێرش بکەنە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران لە ئەگەری درێژەدان بە کردەوەی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی و پەرەپێدان بە پیتاندنی یۆرانیوم لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە ، وەبیری هێنایەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست لەو کردەوە تێکدەرانە هەڵنەگرێ، ئاکامەکەی بە چاوی خۆی دەبینێ و هێرش دەکرێتە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانیان کە پشتی حکومەتەکەیان دەشکێنێ. حووسیەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاندووە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ لە عەڕەبستانی سعودی لە شارەکانی "بەقیق و خەریس" کە بوو بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەو پاڵاوگە نەوتیانە و زیانیکی گەورەی بە نەوتی عەرەبستان گەیاندوە.