کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی گالۆپ: حەسەن ڕووحانی خەمساردترین سەرۆک‌کۆماری جیهانە

19:44 - 25 خەرمانان 2719

ناوەندی "گالۆپ" لە ڕاپرسیەکدا لە ساڵی ٢٠١٨، حەسەن ڕووحانی وەک خەمساردترین سەرۆککۆماری جیهان لە هەمبەر ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی‌دا ناساند. ناوەندی گالۆپ یەکێک لەو ناوەندە باوەڕپێکراوانەی جیهانە کە ساڵانە ڕاپرسی جۆراوجۆر ئەنجام دەدا. ئەمجارەیان ئەم ڕاپرسیە لە ٢٠٩ وڵاتی جیهان ئەنجام درا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتە پلەی ٢٠٩، واتە حەسەن ڕووحانی لە نێو بەرپرسان و کاربەدەستە پلە باڵاکانی جیهان، بوو بە ئاخیرین سەرۆک کۆماری لە بواری پێڕاگەیشتن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی وڵاتەکەی. لەو ڕاپرسییەدا وڵاتی سویس یەکەم و دوای ئەو دانمارک، سوئێد، فینلاند و هولەند دێن. حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار، بەڵینی زۆری بە خەڵکی ئێران دا و زۆر کەس لە ڕووی خۆشباوەڕییەوە باوەڕیان بە قسە و بەڵینەکانی ئەو ئاخوندە کرد و ڕێکلامی زۆری بۆ کرا و بەداخەوە هێندێک لە کەسایەتییە سیاسی و ئازادیخوازەکانی ئێرانیش کەوتنە ئەو داوەوە و باوەڕیان بە بەڵینەکانی هێنا. حەسەن ڕووحانی بەر لە هەڵبژاردن بە کلیلێکەوە هاتە مەیدان و بەڵێنی خوێندن بە زمانی دایک، چارەسەری کێشەی ئابووری، کێشە و ناکۆکەییەکانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی تر، بێکاری و گرانی ، ئازادییە سەرکوتکراوەکان و ئازادییەکانی ژنان و زۆر قەولی دیکەی بە خەڵکی ئێراندا، بەڵام نەک هەر هیچکام لەو گرفتانەی چارەسەر نەکرد و بەڵێنەکانی نەبرد سەر، بەڵکوو خراپتر لە سەرۆک کۆمارەکانی ڕابردوو ئێرانی لەگەڵ کێشە و تەنگژەی گەورەتر رووبەڕرو کرد. یەکێک لە بەڵینەکانی دیکەی حەسەن ڕووحانی، ئازاد کردنی کەڕووبی و مووسەوی بوو کە بە دەستووری خامنەیی دەسبەسەر کراون و پێوەندییان لەگەڵ دنیای دەرەوە پچڕاوە. رووحانی بۆ وەرگرتنی دەنگی لایەنگرانی ئەو دوو کەسە، بەڵینی دا کە لەو دۆخە ڕزگاریان بکا، بەڵام نەیتوانی بۆ هاوڕێ دەسبەسەرکراوەکانی خۆشی هیچ کارێک بکا و نزیک بە دوو دەورە لە تێپەڕبوونی دەورانی سەرۆک کۆماریی ناوبراو، خەڵک هەر برسی و بێکار و موسەوی و کەڕووبی لە پشت دەرگا داخراوەکان هەر چاوەڕیی لوتف و مەرحەمەتی کلیلەکەی حەسەن ڕووحانین، کلیلێک کە نەیتوانی هیچ دەرگایەک بکاتەوە و هیچ کێشەیەکی خەڵک و وڵاتی ئێران چارەسەر بکا.