کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتێکی خەڵکی پیرانشار حوکمی ٣٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

17:03 - 27 رەزبەر 2719

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە حەفتەی ڕابردوو، دوو براکەشی لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران، لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەرداسەپا. بەپێی هەواڵی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، هاووڵاتێک بە ناوی " محەممەد مرادی" خەڵکی گوندی قەبری حوسێن، سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە، حوکمی ٣٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. محەممەد مرادی، ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامەتی یەکێک لە یەکێک حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کرا. دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە. کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو وێرای پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ناوبراو، ڕایگەیاندوە کە "محەمەد مرادی" لە بوونی پارێزەر بێبەش بووە. جێگای ئاماژەیە کە دوو برای محەمەد بە ناوەکانی ”عەبدولڕەحمان و سادق“ ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست دا.