کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسانی ئابووریی ئێران لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهاندایە

17:13 - 27 رەزبەر 2719

دوایین ئامارەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو لەمساڵدا نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو هەڵاوسانێکی گەورەی ئابووری دەچی. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی سندووقی نێونەتەوەیی دراوی جیهانی کە ٢٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، سیستەمی ئابووریی ئێران بەرەو کەشێکی نالەبار دەڕوات و ئەمساڵ ڕادەی لە سەتا ٩.٥ داشکان و داڕمانی لە ژێرخانی ئابووریدا بەخۆوە دیتووە کە لە ٣١ ساڵی ڕابردوودا هیچ وڵاتێکی جیهان ئەو شپرزەییەی ئابووریی بەخۆیەوە نەدیوە و تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا لەسەتا١٠ی ئابووریی ئێران لەناو چووە. شایانی باسە کە ساڵی ٢٠١٨، سندووقی نێونەتەوەیی دراو ڕایگەیاندبوو کە ئابووریی ئێران سەتا ٥ داڕمانی هەبووە. واتە لەماوەی دووساڵدا ئابووریی ئێران گەیشتووەتە قۆناغی لەناوچوون و وشکبوونی سەچاوەکانی ئابووریی ئەم وڵاتە. لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی جیهان، ئابووریی گشتیی دونیا بەشێوەی مام ناوەند سەتا ١٩ هەڵکشان و بەرزبوونەوەی هەبووە و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو گەشەی سەندوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئێران کەمتر لە سەتا ١.٨ هەڵکشانی بووە و هیچ بەرهەمهێنانێک لەنیوخۆی وڵات زیادی نەکردوە. ئەوە بەو واتایەیە کە ئابووریی ئێران لە ئابووریی جیهانی دواکەوتووە و کات و پشتیوانییەکی زۆری دەوێ تاکوو بچێتەوە سەر ڕەواڵێ پێشووی خۆی. ئەمساڵ ١٤ وڵاتی جیهانی تووشی هەڵاوسانی ئابوری بوون کە لەو ١٤ وڵاتە، پێنج وڵات گەورەترین داڕمان و تێکشکانی ئابووریان هەبووە و یەکێک لەوان وڵاتی ئێرانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکا کە گەمارۆکانی ئەمریکا گاریگەریی لەسەر ئابووریەکەی دانانێت، بەڵام دەبینین لە ڕیزی پێنج وڵاتی ڕووخاوی ئابووری جیهاندایە و سەرچاوەکانی بازرگانی و نەوت و کانگەی ژێرزەوی، تووشی گرفتی گەورە بوون و هیچ ڕێگا چارەیەک بۆ چاکسازیی ئەو دۆخە لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێرانەوە لەبەردەستدا نییە و ئابووری ئێران لە چاوەڕوانی داڕمان و هەڵاوسانێکی لەوەش زیاتر و گەورەتر دایە.