کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی دوو هەیئەتی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان

05:04 - 28 رەزبەر 2719

لە کۆبوونەوەی هەیئەتی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان و پرسە گرینگەکانی ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تاوتوێ کران. ڕۆژی شەممە، 27ی ڕەزبەر هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا. باس لە بارودۆخی ڕۆژاوا وەک بابەتێکی هەرە گرینگ و ڕۆژەڤی کوردستان یەکەم تەوەری باسەکانی ئەم دیدارە بوو. دوو لایەن وێڕای مەحکوم‌کردنەوەی پەلاماری تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان کە کارەساتی مرۆیی لێ کەوتۆتەوە، ڕەخنەی توندیان لە هەڵوێست و سیاسەتی زلهێزە جیهانییەکانی خاوەن بەرژەوەندی لە سووریەدا گرت. هەر لە چوارچێوەی ئەم باسەدا دوو لایەنی دێموکرات و کۆمەڵە لەگەڵ بەرزنرخاندنی ئازایەتی و خۆڕاگریی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، باسیان لەوە کرد کە هێشتا شانس بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژاوا وەک بزووتنەوەیەکی سکۆلار و دێموکراسیخواز هەیە کە بتوانێ دەوری خۆی لە گۆڕانکارییەکانی سووریەدا بگێڕێ؛ بۆ ئەوەش چەند مەرجێک پێویستە کە سەرەکیترینی بریتییە لە یەکیەتی و یەکڕیزیی هێزەکانی ڕۆژاوا. کۆبوونەوەکەی دوو لایەنی دێموکرات و کۆمەڵە لەپێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر دروستبوونی ناوچەی ئارام ڕای وابوو کە هەر هەوڵێک بۆ بەرگرتن بە شەڕ و درێژەی جیناتەکانی تورکیە باش و لەجێی خۆیدایە، بەڵام ناوچەی ئەمن ناکرێ بە مانای گۆڕینی دێموگرافیی ڕۆژاوای کوردستان، ڕاونانی زۆرەملیی خەڵکی ناوچەکە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێکی دی لە زێد و نیشتمان و شوێنی خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە بێ. هەروەها پێویستە ئەم ناوچەیە لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێ و ڕێگە لە پاکتاوی ڕەگەزیی کورد لەسەر خاکەکەی خۆی بگیرێ و دڵنیایی ئەوە بدا کە هەموو دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەسەر خاک و زێدی خۆیان دەمێننەوە. کۆبوونەوەکە لە تەوەرێکی دیکەدا پەڕژایە سەر هەڵویستی نەتەوەیی و نیشتمان‌پەروەرانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک هەمیشە لەسەر هەست بوون و، لە شیمالی کوردستانەوە هەتا ئیلام لە باشوور پشتیوانییان لە خوشک و براکانیان لە ڕۆژاوا کرد و بۆ ئەوەش تێچوویەکی زۆریان دا. پێویستییەکانی بەردەوام جووڵانەوەی کورد لە ئێران، ستاتوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران و ناوچە و زەرفییەت و پۆتانسیەلی کورد بۆ شوێندانان لەسەر ڕەوتی ئاڵوگۆرەکان، چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون. هەر لە چوارچێوەی باسەکانی ئەم تەوەرەدا تیشک خرایە سەر ئەو ئەرک و پێویستییانەی لە ئێستادا لەسەر شانی حیزبە سیاسییەکان قورسایی دەکەن و بۆ ئەوەش زەروورە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تۆکمەتر بێ و کار و چالاکییەکانی لە خانەیەکی بەرفراوانتر و جیدیتردا درێژە پێبدا. - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستان