کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی سۆسیال دێموکراتەکانی سۆئێد لە حیزبی دێموکراتی کوردستان

05:16 - 28 رەزبەر 2719

هەیئەتێکی پارتی سۆسیال دێموکراتی سۆئێد سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 27ی ڕەزبەر هەیئەتێکی پارتی سۆسیال دێموکراتەکانی سۆئێد بە سەرپەرستیی خاتوو ئەوین ئەنجیر، پارلمانتاری ئورووپا و قادر کەسیرگار، پارلمانتاری سۆسیال دێموکراتەکانی سۆئێد سەردانی بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەم دیدارەدا شاندی میوان گۆڕانکارییەکانی ناوچە، پرسی کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان و سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزی خاون بەرژەوەند لە سووریەیان خستەبەرباس و ڕای خۆیان لەسەر ئەم بابەتانە دەربڕی. ئەوان بەبایەخەوە باسیان لەو سۆز و پشتیوانییەی بیروڕای گشتیی جیهان بەتایبەت لە ئورووپا لەبارەی ڕووداوکانی ڕۆژاوا کرد و هەیئەتی خانەخوێ‌ش پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئەم پشتیوانییە مەعنەوەییە جێی رێزە، بەڵام دەبێ ببێتە ئامرازی هێز بۆوەی بتوانێ کۆمەڵکوژی و جیناتەکان لە ڕۆژاوای کوردستان بوەستینێ. باس لە سیاسەتی دووفاقەی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دانیشتنە بوو. هەیئەتی خانەخوێ لە چوارچێوەی ئەو باسەدا هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکانی سۆئێدی ئاگادار کردەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیزیک بە 100 کەس لە لاوان و چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەر کراون، ئەویش تەنیا بە تاوانی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی مەحکومکردنی پەلاماری تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا. باس و تاوتوێی سیاسەتە کێشەخوڵقێنەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانن بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگا ئەمنیەتی و بەرێوەبەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و؛ پرسی پێوەندییەکانی دوولایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سۆسیال دێموکراتەکانی سۆئێد چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوون.