برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری پێشووی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش رایده‌گه‌یه‌نێت، توركیا رێگه‌ی به 40 هه‌زار داعشی داوه له 110 وڵاتی جیاوازی جیهانه‌وه بێنه سووریا و داعش دابمه‌زرێنن.
مه‌كگورك له یه‌كێك له كۆڕبه‌نده‌كانی تایبه‌ت به مه‌ترسییه‌كانی داعش رایگه‌یاند، له ماوه‌ی كاری خۆیدا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به تایبه‌تیش له كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه، كاری له‌گه‌ڵ توركیا كردووه و چه‌ند جارێك چووه‌ته ئه‌نقه‌ره، بۆ ئه‌وه‌ی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا دابخات، به‌ڵام نه‌یكردووه.
مه‌كگورك ده‌شڵێت: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار داوامان كرد سنوور دابخه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسانی توركیا پێیان گوتین ناتوانین ئه‌و كاره بكه‌ین".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، كاتێك هێزه كوردییه‌كان ناوچه‌یه‌كی زۆری سه‌ر سنووریان كۆنتڕۆڵ كرد، ئینجا توركیا سنووری داخست و دیوارێكی گه‌وره‌یان به ماوه‌یه‌كی كه‌م له ناوچه سنوورییه‌كان درووست كرد.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"، سه‌رنجی توركیا له بۆردومانه‌كان بۆ سه‌ر به‌ندیخانه‌كانی داعش، به‌و بۆردومانانه‌ش تا ئێستا ده‌یان چه‌كداری زیندانیكراو توانیویانه ڕابكه‌ن.