کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکاریی هاککەرەکانی ڕووسیە لەگەڵ ئێران

17:53 - 29 رەزبەر 2719

دەستەیەک لە هاککەرەکانی وڵاتی ڕووسیە کە بە تیمی "تورلا" ناسراون لەگەڵ هێرشبەرە ئەلیکترۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکارییان کردووە و دەنگی هەندێ وڵاتی جیهانیان سەبارەت بەو کارانە دەرهێناوە و چەند کاربەدەستێکی ئەمریکایی و بریتانیاییش ئەو کردەوانەیان پشت ڕاست کردووەتەوە. هێرشبەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئەلیکترۆنیکیان کردوو بە سەر میدیا و ئورگان و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانی دەیان وڵاتی جیهان، لەم ماوەیەدا بە هاوکاریی هاککەرە بەتواناکانی وڵاتی ڕووسیە دیسان هێرشیان کردووەتە سەر هەندێک ڕێکخراوە و پایەگا ئینتێرنێتییەکانی وڵاتانی دەوروبەر و بەو کردەوانە ئاسایشی ئینتێرنێتیی هەندێک شوێنیان تێک داوە. ''پێل چیچیستر'' کاربەدەستێکی ئەمنییەتیی بریتانیا سەبارەت بەو کردەوانەی ڕووسیە و ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشبەرانە لەماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە پیشەیی و ئابووری و پێوەندییەکانی دەیان وڵات وەکوو وڵاتانی چێک و ئێستۆنی و چەندین وڵاتی دیکە. شایانی باسە کە ئەمنییەتی وڵاتانی چێک و ئێستۆنی، لەگەڵ پۆلیسی فێدراڵی ئەمریکا پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە دەستی ئێران لەو کردەوانەدا بەبۆنەی هەبوونی بیانوو و مەبەستێکی تایبەتەوە بێت. ئەو کاربەدەستەی بریتانیا لەو بارەوە زیادیشی کردووە کە هاککەرە ڕووسییەکان یارمەتیی هێرشبەرەکانی کۆماری ئیسلامییان داوە و بڕوای وایە کە تیمی تورلا لە ڕێکار و ڕەوتی نوێ کەڵک وەر دەگرن تاکوو ئاشکرا نەبن. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی دەزگای ئیتلاعاتی بەهێزی لەناوخۆ هەیە و دەتوانێ زۆربەی کارەکانی بە ئاسانی بکا. هەروەها پێوەندییەکی گرێ دراوی چڕی لەگەڵ ڕووسیە هەیە و دەتوانێ لە ئەنجامدانی کار و کردەوەکانی خۆیدا هاوکاری لە ڕووسیە وەربگرێ.