کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە بوونی سێ بەرەی نوێی سانتریفیووژ ڕادەگەیێنێ

21:39 - 29 رەزبەر 2719

جێگری تایبەتی سازمانی وزەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەمزوانە سێ بەرەی نوێی سانتریفیووژەکان ئامادە دەبن. ''ئەسغەر زارعان'' ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە مەراسمی پڕۆژە ناوکییەکانی ئێراندا لەوبارەوە ڕایگەیاند کە وزەی ناوکیی ئێران لەحاڵی پێشکەوتن دایە و بڕیار وایە کە سێ سانتریفیووژی نوێ ئامادە بن و لە شوێنە پێویستەکاندا کەڵکیان لێ وەر بگرن. سانتریفیووژەکانی ئێران بەرە بەرە خەریکە پەرەیان پێ دەدرێ و بەهێزتر دەبنەوە. ئەمجارە سێ جۆری نوێ لە سانتریفیووژەکان دەکەونە ڕەوتی کاری ناوکییەوە و وردە وردە کێشەکان لە کۆماری ئیسلامی زیاتر دەبنەوە. زارعان لەو بارەوە زیادی کرد کە لەسەر پڕۆژەی ڕێئاکتۆری ئاوی قورسی ئەراک بەردەوام کار دەکەن. بەرهەمهێنانی ئورانیۆم لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو بەڵام ڕۆژ بەدوای ڕۆژ گەمارۆی زیاتر دەخرێتە سەر ئێران و ئابووریی ئەو وڵاتە زیاتر بەرەو داڕمان دەڕوات. لە درێژەدا ئەسغەر زارعان زیاتر باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ ٥٠ تون یۆرانیۆم بۆ ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دیاری کراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ماوەی ڕابردوو شارەزایانی وزەی ناوکیی ئیران لەگەڵ پڕۆفیسۆر و زانایانی وڵاتانی بریتانیا و چین کۆبوونەوە و لەسەر باشتر کردنی دۆخی بەرنامەی ناوکیی ئێران باس و وتووێژیان کرد. هەر لەو پێوەندییەدا ڕاگەیێندراوەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیار وایە تا ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئورانیۆم لە ئێران ئامادە بکرێن و بە ئاسانی بتوانن کەڵکی لێ وەر بگرن. هەر وەک ئاماژەی پێکرا، هەرچەند کە کۆماری ئیسلامی زیاتر هەوڵی پیتاندنی ئورانیۆم و بەرهەمهێنانی وزە بدات، ئەوە زیاتر گەمارۆکانی ئەمریکای دەکەوێتە سەر و ئابوورییەکە بەرەو داڕمان دەڕوات. هەروەها کۆماری ئیسلامی هەرچەند پێشکەوتنی لە بواری ئەتۆمیدا هەبیت، دوو هێندە پڕوپاگاندەی بۆ دەکات و هەر ئەوە دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر لەسەر خۆی و بە دژی خۆی دەشکێتەوە. هەروەها کێشەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئەمریکا لەگەڵ ئێران لەسەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئورانیۆم نەگا و بەس لە وزەی ئورانیۆم کەڵک وەر بگرێ. بەڵام دیارە کە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی بە کەڵک وەر گرتن لە وزەی ئورانیۆمەوە ڕاناوەستێ و بە دڵنیایەوە لە مەجالی خۆیدا دەستی بە چەکی ئورانیۆمیش دەگەیێنێ و دەبێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی جیهان.