کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی و ئەمنیەتی لە قەڵای دێموکرات

21:46 - 29 رەزبەر 2719

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی بە هاوکاری کۆمیسیۆنی ئامووزش و کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سمینارێک بۆ کارۆ ڕەسووڵی بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە پێکهات. ئەو کۆبوونەوە کە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوەچوو لەوێدا کارۆ ڕەسووڵی بە ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی حیزبی دێموکرات وەکوو حیزبێکی شۆڕشگێڕ و پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبەی خستە بەرباس و بە وردی لایەنە دەرکی و نێوخۆییەکانی ئەو بابەتەی بۆ ئامادەبووان شی‌کردەوە. بەڕێزیان پاش باسکردن لە پیلان و سیاسەتە دژەگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی ئازادیخوازان، بەتایبەتی حیزبی دێموکرات کە هەموو کات قوربانی دەستی تیرۆر بووە، لەو بارەوە چەند نموونەی گرینگی ئاماژەپێدا. لە درێژەی ئەو سمینارەدا ، بەرپرسی ئەمنیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هێندێک لە لایەنە گرینگ و جێگای سەرنجی کەیسی ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو کە بۆ زەربە لێدان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانەوە بەرنامەڕێژیی بۆ کراوەو تەنانەت زەربەشی لە حیزبی دێموکرات داوە خستە بەرباس و هەڵسەنگاندنی بۆ کرد. کارۆ ڕەسووڵی بە ئاماژەدان بە ڕووداوی شەوی یەڵدا و تیرۆری فەرماندە قادر قادری و مووشەکبارانی بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەلایەن کۆماری ئسلامییەوە ئەنجام دراون، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە وەکوو حیزبێکی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەر ئاساییە کە دەوڵەتێک وەکوو کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدا بێ لە هەموو ڕێگایەکەوە زەربەمان لێ‌بدات، بەڵام ئەرکی تاک بە تاکی ئێمەیە کە وشیارانەتر ڕووبەڕووی پیلانە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ببینەوە. لە کۆتایی قسەکانی کارۆ ڕەسووڵی بەرپرسی ئەمنیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گفتگۆیەکی کراوەدا بەشێک لە ئامادەبووان تێبینی و پرسیار و سەرنجەکانی خۆیانیان لەو بارەوە خستەڕوو، کە دواتر لە لایەن کارۆ ڕەسووڵی"یەوە وەڵامدرانەوە.