کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد

15:05 - 30 رەزبەر 2719

لە سنوورەکانی سەردەشت کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەستدا و کەسێكی تریش بریندار بوو. لە درێژەی کوشتن و ڕاوەدوونانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە٢٩ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، دەستەیەک لە کۆڵبەران لەسەر سنووری سەردەشت دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکانەوە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی" لوقمان ڕەشیدزادە" خەڵکی گوندی "کانی زەرد" بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەوهێزانە گیانی لە دەستدا و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ستار ڕەحیم نژاد"خەڵکی گوندی "دەرەکێ" سەر بە شاری مەریوان، لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان، لە بەرزایی بەربۆوە و بە سەختی بریندار بووە و لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کراوە. ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر، باخەوانێکی کورد لە ناوچەی هەورامان، بە ناوی "ئاراس شوکری" کە وێڕای کرێکارەکانی لە باخەکەیدا کاریان دەکرد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەقەیان لێکرا و ناوبراو بریندار دەبێ و بۆ چارەسەری برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکەن. هەر لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک لەمەوبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سدیق عەلیخانی" دانیشتووی گوندی "گوێزڵێ"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت لە مەزرای خۆی لە گوندی "بێژوێ" لە کاتی کارکردندا لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.