کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ئەمنییەتیی بەحرەین لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران

15:15 - 30 رەزبەر 2719

نوێنەرانی زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیهان بەتایبەت ئیسرائیل لە بەحرەین کۆ بوونەتەوە تاکوو ئەمنییەتی کەشتیوانی لە کەنداوی فارسدا تاوتوێ بکەن. ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە هێرش بۆ سەر کەشتییەکی ئێرانی لە نزیک ئاوەکانی عەرەبستان، دوایین ڕووداو لە ئاوەکانی کەنداوی فارس بووە. هێرش کردنە سەر چەندین کەشتیی دیکە، ونبوونی پەهبادی ئەمریکا و هێرشی هەوایی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستان، چەند ڕووداوێکی ئەو ناوچەیەن کە ئاسایشی ئەو وڵاتانەی تێکداوە. ئێران وڵاتێکە کە لەلایەن ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژاوا و عەڕەبستانی سعوودییەوە بە بکەری یەکەمی ئەو هێرشانە ناسراوە و هەر بۆیە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەش کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشت نەکراوە. شایانی باسە کە تاران، ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێ هیچ دەستێکمان لەو کردەوانەدا نەبووە و هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان. هەر لەو پێوەندییەدا "شێخ خالد خەلیفە" وەزیری دەرەوەی وڵاتی بەحرەین کە وڵاتەکەی میوانداریی ئەوە کۆبوونەوەیەی دەکرد لە دەسپێکدا وتی: ئێمە دەبێ بە پەلە و ئاشکرا دەست پێبکەین و بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لە بەرانبەر وڵاتانی توندڕەو لە ڕەهەند و ڕێکاری بەهێز کەڵک وەربگرین. جێگای سەرنجە کە وڵاتی ئیسرائیل سەرەڕای نەبوونی پێوەندیی دیپلوماتیک لەگەڵ وڵاتی بەحرەین، لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداریی کردووە. هەروەها ئیسڕائیل، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداربوون لە یەکیەتییەکەی ئەمریکا کە بڕیارە لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا بۆ ئەمنییەتی کەشتیوانی دابمەرزێ، دەربڕیوە. هەروەها مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی ناردبوو باسی لەوە کردبوو کە ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکی هەستیار و مێژووییدا بەڕێوە دەچێ، کۆماری ئیسلامی دەبێ جڵەو بکرێ و ڕێگەی پێنەدرێ ناوچەکە بشێوێنێ.