کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان

20:48 - 30 رەزبەر 2719

ئەمڕۆ ١٣ ڕۆژ بەسەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان تێدەپەڕی، لەم ماوەیەدا ئەو هێرشە لێدوان و کاردانەوەی جۆراوجۆری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. *. ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لەنێو ئاگری شەڕ و کوشت و کوشتار و ئاوارەیی کورداندا ڕۆژاوای کوردستانیان بەجێهێشت و چوونە باشووری کوردستان. لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان، کۆمەڵێک لە خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو هەڵوێستەی تڕامپ، سەربازانی ئەمریکاییان بەردباران کرد. هەر لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ باشووری کوردستان لەوێش کۆمەڵێک گەنجی خوێن گەرم و ناڕازی قافڵەی هێزەکەی ئەمریکایان بەردباران کرد. *. "ئانگرێت کرامپ کارنباوەر"، وەزیری بەرگریی ئاڵمان پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی تورکیە و سووریە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە پڕۆژە پێشنیاریەکەی بخاتە بەردەم وەزیرانی بەرگریی ناتۆ. وەزیری بەرگری ئاڵمان رایگەیاند، بەهاوئاهەنگی و رەزامەندی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری دەوڵەتی ئاڵمان پێشنیارەکەی ئامادەکردووە و دەیەوێ ناوچە ئارامەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەببرێت. وەزیری بەرگریی ئاڵمان لەبارەی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆسەر ناوچەکە رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرتووە و رایگەیاندووە، ئاڵمان و وڵاتانی ئەوروپایی رۆڵێکی لاوازیان هەبووە لە وەڵامدانەوەی هێرشە سەربازییەکەی تورکیە بۆسەر سووریا. *. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە وڵاتانی ئورووپایی بە هاودەستی لەگەڵ تێرۆریستەکان تۆمەتبار کرد. ناوبراو لە کۆبوونەوەیەک لە ئەستانبووڵ گوتی: " ئایا باوەڕ دەکەن؟ هەموو وڵاتانی ڕۆژاوا وێڕای تێرۆریستەکان بوونەتە دژی تورکیە و هەموویان دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیەن بۆ سەر هێزە کوردیەکانی سووریە. سەرۆک کۆماری تورکیە ڕایگەیاند کە هەموو ڕەخنەگران و دژبەرانی تورکیە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و یەکیەتی ئورووپان. *. کاتژمێر ١٠ی شەوی سێشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی ئەو ئاگربەستەی کە بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیە لە ڕۆژاوای کوردستان دیاریکرابوو کۆتایی دێ و ئەردۆغان دەڵێ: "چاودێری ئاگربەستەکە دەکەین، ئەگەر ئەمریکا بێبەڵێن بێت، ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکەینەوە" *. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەسەر هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، ئەگەر پێویست بێ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیاری هێرشی سەربازی بۆسەر تورکیە بە دوور نازانێ. *. وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیە ڕایگەیاند کە ئەگەر هێزە کوردیەکان لەو ناوچانە بکێشێنەوە کە پێشتر دیاریکراون، ئەوە ماوەی ئاگربەستەکە درێژ دەکەنەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە واتە کێشەی سووریە و ڕۆژاوای کوردستان ئەمڕۆ ئەردۆغان و سەرۆک کۆماری ڕووسیە کۆدەبنەوە. *. ڕوانگه‌ی سووریە بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، سوپای سووریە و هێزه‌كانی سووریەی دێموكرات (هه‌سه‌ده‌) بۆ به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی مه‌یدانی، سێ هێزی سه‌ربازی هاوبه‌شیان پێكهێناوه‌. سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕوانگه‌ی سووریە ئاماژەی بەوە کردوە، ئه‌و هێزە هاوبه‌شانه‌، له‌ سنووره‌كانی شاری قامیشلۆ و ناوچه‌ی ده‌رباسیه‌ی پارێزگای حه‌سه‌كه‌ جێگیر دەبن. *. محەممەد حەمید ئەو مناڵەی ڕۆژاوای کوردستان کە بەهۆی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە بەسەختی بریندار ببوو، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی فەڕانسە کرا. *. بەھۆی ھێرشی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس ئاوارەبوون و ٢٣٥ کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٠٠ کەسیش برینداربوون. لەو شەڕەدا ٣٠ مناڵ گیانیان لەدەستداوە و ٨٦٠٠٠ خوێندکاریش لە خوێندن بێبەش بوون. *. هێزێکی سەربازیی رووسیە چوونەتە فڕۆکەخانەی قامیشلوو و بڕیارە ڕووسیە پەنجا ڕاوێژکاری سەربازییش بنێریتە ئەو ناوچەیە.