کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و هەست و بیری نەتەوەیی

04:39 - 1 خەزەڵوەر 2719

هەست و بیری نەتەوەیی و ئینتیمای نیشتمانی لە ناخی ئینسانەکان و لەنێو خوێن و دەماریان دایە. مناڵ کە لە منداڵدانی دایکیدا دەگوورێ و پێدەگا، کاتێ کە لە دایک دەبێ و لە ئامێزی ئەو دایکەدا گەورە دەبێ، گرینگ نییە ئەو دایکە ڕەشە یا سپییە، جوانە یا ناشیرینە، گرینگ ئەوەیە کە دایکیەتی و بە هەموو وجوودیەوە خۆشی دەوێ و پێی لە هەموو دایکانی جیهان جوانتر و بەسۆزترە. خاک و نەتەوەش دایک و ئامێزی دایکی دووهەمە کە بە دایکی نیشتمان ناسراوە و هەر کەسێک لە هەر وڵاتێک و لە هەر نەتەوەیەک بێ، بێگومان هەست و سۆزی تایبەت بە خەڵکەکەی و بەو نیشتمانەی هەیە کە تێیدا گەورە و پەروەردە بووە. نەتەوەی کورد و تاکی کورد لەگەڵ ئەوەی کە وەک هەر نەتەوەیەکی تر هەست و خۆشەویستی بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی هەیە، لە هەمانکاتدا دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا بێ ئەوەی پرسی پێبکرێ، زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە، کوشتن و سێدارە و زیندان و شیمیاباران و ئەنفال لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، وای لە ئێمەی کورد کردوە کە خۆشەویستیمان بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەمان چەند بەرابەر بێ. نەتەوەی کورد لە هەر پارچەیەکی نیشتمان لەگەڵ سەرکەوتنی هەر بەشێک گۆڤەند دەگێڕێ و لەگەڵ هەر نسکۆیەک ئەژنۆی خەم لە باوەش دەگرێ، هاوکات لەگەڵ هەر گلانێکیش دووبارە ڕادەبێتەوە. نەتەوەی کورد ئەوەند توشی نسکۆ و کارەسات بووە کە لەگەڵ ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی تێکەڵاو بووە و بیری تۆڵە و هەستی نەتەوەیی ئەو گەلە لە هەموو شتێکدا ڕەنگ دەداتەوە. هەستی نەتەوەیی واتە وننەبوون لەنێو گێژەڵووکەکانی ڕۆژگاردا، واتە نەتوانەوە لەنێو گەلانی تردا. لەگەڵ ئەوەی کە دژمنانی کورد بە هەموو شێوەیەک ویستوویانە و دەیانهەوێ مێژوەکەی بسڕنەوە، لەژێر پەردەی ئایین و ئیدئۆلۆژی، هەست و بیری نەتەوەیی بەلاڕێدا بەرن و ئایین و ئیدئۆلۆژی بەسەر هەستی نەتەوەییدا زاڵ بکەن، تێکەڵاوی نەتەوەی سەردەستی بکەن و بە یەک گەل و یەک دەوڵەت و هەتا یەک ئایین نەتەوەکەی خۆی لەبیر بەرنەوە، بەڵام تاکی کورد لە چەپی چەپەوە تا ڕاستی ڕاست لە کۆتاییدا هەر هاتۆتەوە سەر ڕێچکەی ئەسڵی کوردایەتی و کەمتر وابووە لەنێو ئیدئۆلۆژی و میللەتی سەردەست و ئاییندا بتوێتەوە. مێژوو نیشانی داوە کە نە برای موسڵمان نەجاتی داوین و نە پاسەوانەکانی کۆشکی کرملین هیچیان بۆ کورد بە دیاری هێناوە. برایەتی و دین و ئایین و ئیدئۆلۆژی لەگەڵ تورک و فارس و عەڕەب و هیچ سوودێکی بۆ کورد نەبووە و کوردیان وەک ژێر دەستە سەیر کردوە و نەک هەر مافەکانیان پێشێل کردوە بەڵکوو ویستوویانە ناسنامەی بسڕنەوە و پاکتاوی نەژادیی بکەن. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە زلهێزەکانیش بە هەمانشیوە هەر وەدوای بەرژەوەندییەکانیان کەوتوون و دروشمە قەبە و زریقە و بریقەدارەکانی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئایین و ئیدئۆلۆژی لە نووسراوەیەکی سەر کاغەز زیاتر هیچیان بۆ کورد پێ نەبووە و لەکۆتایی ڕێگەکەدا کوردیان و بەتەنیا جێیان هێشتوە. لەگەڵ ئەوەی کە دژمنان و داگیرکەرانی کوردستان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی لەنێوبردن و توانەوەی کورد و هەستی نەتەوەی کوردیان داوە، بەڵام کورد لە تاریکە شەوەکانی ڕۆژگاردا ڕێگەیەکی بۆ مانەوە هەر دۆزیوەتەوە. ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بخشێنین هەر لە مەلای جەزیری، ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی، هێمن و هەژار و کۆمەڵە ئەدیب و نووسەرێکی نیشتمانپەروەری دیکەی کورد لە بەرگی شێعر و هۆنراوەدا بڕەویان بە هەستی نەتەوەیی داوە. ئەحمەدی خانی لە «مەم و زین»دا بە پەیامێکی ئەدەبی دەرد و مەرگی کوردی بەیان کردوە و لەوێدا پێمان دەڵێ کە دەردمان چییە و بۆ نەگەیشتووینە ئامانج. پەیامەکەی لەگەڵ ئەوەی کە نووسراوەیەکی ئەدەبییە، لە هەمانکاتدا شاکاریکی گەورە و پەیامیکی نەتەوەییە بۆ ئەوەی دەست لە سەر زامەکان دابنێ و ڕێگا چارەکان دەستنیشان بکا. ئەم دەقە ئەدەبی و هۆنراوە ئەدەبیانە سینگ بە سینگ گوێزراونەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو و لە فەوتان نەجات دراون. دژمنانی ئێمە زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوە و کتێبە دەستنووسەکانی ئێمەیان دزیوە و لە ناویان بردوون. «دێهخودای فارس» بۆ ئەوەی بۆ زمانی فارسی پەکی نەکەوێ و بۆ وشەیەکی دروست دانەمێنی و وشەی گونجاو بۆ زمانەکەیان بدۆزێتەوە، کاتی خۆی نامەی بۆ هەموو پارێزگار و شارەوانییەکان و فەرماندە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسیوە و لە نامەکەدا لیستیک لە وشە و دەستەواژەی فارسی بۆ ناردوون و بۆی نووسیون کە بزانن لە زمانی کوردیدا ئەم وشانە چییان پێ دەگوترێ و چ مانایەکیان هەیە و دوای دزییەکە هاتووە و فارساندوونی. دوکتۆر مارف خەزنەدار دەڵێ: « لە ساڵی ١٩٦١ لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا لیژنەیەکی ساواک دەهاتن دەستنووسی زمانی کوردییان دەکڕی و دەیانبرد لە کرماشان دەیانسووتاند». سەددام حوسێن، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کاتی خۆی نامەی بۆ زانکۆی سەلاحەددین ناردوە کە هەموو ئەو کتێبانەی باسی مێژووی کورد دەکەن بۆ بەغدایان بنێرن. بێگومان پلان و پیلانی هەردوو لایەن بۆ ئەوە بووە کە کورد مێژووی خۆی نەزانێ و نەیخوێنێتەوە، یا مێژوەکەی بشێوێنن و تاکی کورد بێبەری بکەن لە مێژوویەکی نووسراو و بەمەش هەستی نەتەوەیی کورد لاواز بکەن و بڵێن ئەگەر نەتەوەن کوا مێژووتان و پشت بە چ بەڵگە و نووسراوەیەک دەبەستن. لەگەڵ ئەو هەموو زوڵم و ستەم و داپڵۆسینەی کە لە لایەن دژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە دەرهەق بە کورد کراوە، نەتەوەی کورد چۆکی دانەداوە و پێناسە و کوردبوونی خۆی پاراستوە. لەگەڵ ئەوەی کە لە باکووری کوردستان نزیک بە هەشتا ساڵ نەیانهێشت بە زمانی کوردی قسە بکەن و یەک لە دوای یەک ڕێبەرانی کورد بە دەست تورکەکان لە سێدارە دران و قەتڵوعام کران، لە باشووری کوردستان شیمیاباران کران، ئەنفال کران و گوند و شاریان وێران کرا. لە ڕۆژهەڵات کۆماری کوردستانیان لە سێدارە دا و فەرمانی جیهادی بە دژ دەرکرا. لە ڕۆژاوا دوای ئەوەی کە ناسنامەیان نەدرایە و کوردستانیان دابەش دابەش کرد بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کوردانی ڕۆژاوا لە بەرابەر دڕندەترین حکوومەتی خەلافەتی ئیسلامی و لە بەرانبەر هێزی پۆشتە و پەرداخی لەشکری تورک شەڕ دەکەن و بوێرانە بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەیان دەجەنگن. باشووری کوردستان خاوەن پەرلەمان و حکوومەتی کوردستانە و کورد بۆتە فاکتەرێکی بەهیزی ناوچەکە و قوربانیەکی گەورەی داوە. سەرەڕای ئەم زوڵم و ستەمە بەڵام ئینتیمای خاک و نیشتمان لەنێو ئەم نەتەوەدا ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر دەبێ. ئەمڕۆ دەبینین تاکی کورد نایەوێ بڵێ ئێرانیم، عێراقیم یان خەڵکی تورکیەم یا سووریم، لە کاتێکدا کە دەبینین پاڵەوانەکانی کورد لە کێبڕکی گرینگە جیهانییەکان بەجێی ئاڵای تورکیە، عێراق و ئێران ئاڵای کوردستان هەڵدەگرن و بە شانازییەوە دەڵێن کوردین. کاتێک بیرمەندی جیهانیی کۆچەر بیرک دیداری پێوه‌ندییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنه‌رایه‌تیی کانتۆنه‌کانی ڕۆژاوا ار لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی بەجێی ئەوەی بڵێ ئێرانیم دەڵێ کوردم، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هەستی کوردایەتی هەموو نیشتمانی لەخۆی گرتوە و کوشتن و داپڵۆسین و قڕکردن و خیانەتی چەند کەسێک نەبۆتە هۆی ئەوەی کە کورد واز لە داوا رەواکانی بێنێ و پیناسەی نەتەوەیی خۆی لەبیر بکا. ئەمڕۆ بە بەرچاوی هەموو دنیاوە دەبینین کە کورد لەسەر غەدر لە پارچەیەکی کوردستان کە بە «ڕۆژاوا» ناسراوە چۆن یەکدەنگ و یەکگرتووانە شار و شەقامەکانی جیهانی هەژاندوە و دژ بە لەشکرکێشی تورکەکان بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هاتۆتە دەنگ. لەگەڵ ئەوەی کە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەردەم لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا لەگەڵ هەموو پارچەکانی تر هەر لەسەر خەت و لەمەیدان بووە، بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا هیچکات کورد وەک ئەمرۆ یەکدەنگ و یەکگرتوو پشتیوانی لە پارچەیەکی نیشتمان نەکردوە و بێگومان ئەمە سەرەتایەکە بۆ وەرچەرخانێکی نوی لە سیاسەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا و ئەگەر ئەو بزووتنەوە نەتەوەییە بەلاڕیدا نەبرێ، دەبێ شاهیدی دەسکەوتی گەورە بین بۆ کورد و کوردستان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی زێڕین لە خەبات و یەکڕیزی و کۆدەنگی کورد.