کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی "سووچی" و جێگیربوونی هێزەکانی رووسیە لە ڕۆژاوا

17:56 - 1 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژی سێ‌شەممە وێلادیمێر پۆتین و ئەردۆغان لە شاری سووچی رووسیە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی ١٠ خاڵییان ئیمزا کرد. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تورکیە ڕازی بووە بۆ ماوەی شەش ڕۆژی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوا و شەڕوانانی "هەسەدە" ڕابگرێ. لەحاڵێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان بەرەو هەرێمی کوردستان لەپاشەکشەدان، ڕووسیە و تورکیە ڕێککەوتوون کە هێزە هاوبەشەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکووری سووریە و باشووری تورکیە بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمیتر ئەو ناوچەیە بپارێزن. ئەوە لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی پاراستنی گەل سەرێ‌کانی و هەموو ئەو ناوچانەیان بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمیتر چۆلکردووە و ڕایانگەیاندووە ئەوان پێبەندی ڕێککەوتنن لەگەڵ ئەمریکا. لەلایەکی دیکەش هەواڵدەرییەکان ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێشوازی لە ڕێککەوتنی سووچی کردووە. ڕێژیمی تاران پێشتر ناڕەزایەتی خۆی بۆ هێرشی تورکیە بۆ سەر باکووری سووریە و ناوچە کوردییەکان ڕاگەیاندبوو، لەبەرانبەردا ئەردۆغان وێڕای دەربڕینی تووڕەیی خۆی داوای لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت ڕووحانی کردبوو دەنگە ناشازەکانی دژایەتی لەگەڵ تورکیە و هێرشەکەی بۆ باکووری سووریە کپ بکات. هەر لەپێوەندی لەگەڵ هەڵوێستی دوناڵد ترامپ لە ئاست کوردەکانی سووریە و پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە کە ناڕەزایەتییەکی زۆری لە نێوخۆی ئەمریکا و لەنێو سیاسەتوانانی دوو حیزبە سەرەکییەکە لێکەوتەوە، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی نێگەتیڤی ئەمریکا لە سووریە، ئەو وڵاتەی بە خیانت کردن بە کوردەکان تاوانبار کرد و گوتی ئەمریکاییەکان پشتی کوردەکانیان بەرداو دەیانەوێ لەگەڵ تورکیە بەشەڕیان بدەن. ئەوە لەکاتێکدایە دەوڵەتی ئەمریکا لە زاری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە "مارک ئێسپێر" جینایەتی شەڕ و ڕەشەکوژی سپای تورکیە و دەستەو تاقمە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیەی مەحکووم کردووە. شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەزبەر لەشکری تورکیە و زیاتر لە ١٤ هەزار کەس لە بەکرێگیراوانی ناسراو بە "ئەرتەشی ئازادی سووریە" هێرشیان کردە سەر شارەکانی سەرێ‌کانی، گرێ‌سپی و چەند ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان. لەو شەڕەدا دەیان کەس لە خەڵکی سڤیل کوژران و بریندار بوون و نیزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون. لە نێو بریندارەکان کە منداڵیشی تێدایە کەسانێک بە چەکی قەدەغەکراوی فۆسفۆڕی دەبیندرێن و ئەوەش دەچێتە خانەی جینایەتی جەنگی جینۆسایدەوە.