کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی ناوەختی مرۆڤێکی دلسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوچەی شنۆ

23:40 - 1 خەزەڵوەر 2719

بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی شنۆوە گەیشتوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەمە ٣٠ی ڕەزبەر بە داخەوە خالید ئەمین تاج کوڕی کاک سولەیمانی برایماغا، خەڵکی گوندی " خانلەر" ی ناوچەی شنۆ لە تەمەنی ٤۱ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ کۆچی دوایی کرد. خالید پیاوێکی دلسۆز و نیشتمانپەروەر و دیموکراتدۆست بوو کە شانبەشانی بەڕێوەبردنی ژیانی بنەماڵەکەی هیچ کات لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانپەروەرانەی غافڵ نەبوو. ئەو لە هاندانی لاوەکان بۆ خۆشەویستیی نیشتمان و لە بەشداریی چالاکانە لە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی دا درێغی نەدەکرد. ئەم تایبەتمەندیانەش وایان کردبوو ببێتە خۆشەویست و جێگای ڕێزی خەڵک. هەر لە سۆنگەی پابەندبوون بە ویست و داخوازەکانی نەتەوەکەی و تێکۆشان لە پێناویاندا، بۆ ماوەیەکیش کەوتە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و، ئازار و ئەزیەتی دیت. تەرمی خالید ئەمین تاج، نیوەڕۆی٣٠ رەزبەر لە نێو خەم و پەژارە و بەداخبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شار و گوندەکانی ناوچەی شنۆ بە خاک سپێردرا. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەس و کاری خالید ئەمین تاج دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.