کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵبانی

15:03 - 2 خەزەڵوەر 2719

سەرۆکی پۆلیسی وڵاتی ئاڵبانی ڕایگەیاند کە چەند پیلانی تێرۆریستییان لە وڵاتەکەیان پووچەڵ کردۆتەوە. ڕۆژی چوارشەممە ١ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، "ئاری ولیو" سەرۆکی پۆلیسی ئاڵبانی لە چاوپیکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند کە پۆلیسی ئەو وڵاتە چەند پیلانێکی تێرۆریستی پووچەڵکردۆتەوە کە لە لایەن سپای قودسی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ڕێکخراوێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەرنامەی بۆدانرابوو. ناوبراو لە درێژەوەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ٣ کەس کە تیمێکی تێرۆریستیان پێکهێنابوو و لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی "پەیمان" لە ئێرانەوە ڕێنوێنی دەکران و سەر بە سپای قودس بوون، لە ئورووپا خەریکی پیلانی تێرۆریستی بوون ئاشکرا کردووە. ساڵی رابردوو یەکێک لە تێرۆریستەکان ئاشکرا ببوو، بەڵام بەهۆی بەدواداچوون بۆ دوو کەسی تر لە هاوکارەکانی کە لە ئوتریش و تورکیە بوون، پۆلیس لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە خۆی بواردبوو. "ئاردی ولیو" ڕایگەیاند کە چەند کردەوەیەکی تێرۆریستییان دژی بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە وڵاتەکەیان پووچەڵکردۆتەوە و پۆلیس وێنەی تێرۆریستەکانی بڵاوکردۆتەوە. پۆلیسی ئاڵبانی زانیاری سێ کەسی بە ناوەکانی " عەلیڕەزا نەقاشزاد، عەبدولخالق مەلەکزاده و عەبدولسەلام تورگرت" بڵاو کردەوە کە لە ئێرانەوە خەت و بەرنامەیان پێدەدرا. شایانی باسە کە ساڵی رابردوو دەوڵەتی ئاڵبانی هەر بەو هۆیەوە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی و دیپڵۆماتێکی ئەو ڕێژیمەی لە وڵاتەکەی وەدەر نا. هەر ساڵی ڕابردوو چەند تێرۆریستێکی دیکە لە ئورووپا دەسبەسەر کران و بەهۆی پیلانێکی تێرۆریستی لە فەڕانسە ، دەوڵەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەو پیلانەیە و هەر بەو هۆیەشەوە سامانی دوو کەسی سەر بە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەرداگیرا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ماکەی تێرۆریزمی دەوڵەتی لە جیهاندا هەمیشە و لە هەموو شوێنێک لە ژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەتیەکانی دەوڵەتاندایە و تا ئێستا چەند کردەوەی تێرۆریستی لە جیهاندا ئەنجامداوە. تێرۆری ڕێبەرانی کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادقی شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیان لە ئورووپا لەو تێرۆرانەن کە دەستی کۆماری ئیسلامی لەو تێرۆرانەدا ئاشکرا بوو و دادگای ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری میکۆنووسدا سەران و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستەیان بە تاوانبار ناساند.