کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گرتن و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد

16:42 - 2 خەزەڵوەر 2719

لە درێژەی گرتن و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، چوار کەس لە شارەکانی جوانڕۆ، پیرانشار و سنە دەسبەسەر کران. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، هاوونیشتمانیەکی کورد خەڵکی گوندی "جەڕان"ی پیرانشار، بە ناوی "محەممەد ئەمین خزری" ٤٥ ڕۆژ لەوەپێش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوازراوە، "محەممەد ئەمین خزری" لەو ماوەیەدا توانیویەتی تەنیا یەک جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی بگرێ و لە شوێنی دەسبەسەرکردنی ئاگاداریان بکاتەوە و تا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، "یاسر نووری" خەڵکی جوانڕۆ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئابادی کرماشان ڕاگوازراوە. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ناوبراو ساڵی ٩٦ی هەتاوی بە تۆمەتی چالاکیی ژینگەیی سێ مانگ دەسبەسەر کرابوو و دوای لێپرسینەوە ئازاد ببوو. هەر لەو پێوەندیەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە، "کەماڵ مەلەکی" و کوڕی ناوبراو بە ناوی "سامان مەلەکی" خەلكی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەست نییە. شایانی باسە کە بە ئەمنییەتیکردنی کوردستان و و گرتن و کوشتن و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانیانی کورد هەر بەردەوامە و هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئینسانی لە کوردستان کاری پێناکری و هەر بەرپرس و سەربازێک خۆی دەبێتە قازی و هەرخۆیشی بڕیاری گرتن و کوشتنی خەلک دەدا و گیانی ئینسانەکان بەلایەنەوە بایەخی نییە و هیچ لێپرسینەوەیەکیش بۆ ئەو هەموو دەسدرێژی و جینایەتە لە کوردستان ناکرێ و کۆماری ئیسلامی یاسا پەسەندکراوەکانی یاسای بنەڕەتی ئێرانیش لە کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی ئینسانەکان لەبەرچاو ناگرێ و کاریان پێناکا.