کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی 33 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی ڕەزبەردا

16:46 - 2 خەزەڵوەر 2719

لە مانگی ڕەزبەردا دا‌ لانیکەم 33 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز، ئۆرگانی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو 33 کاسبکارە 28 کەسیان بریندار بوون و 5 کۆڵبەریش کوژراون و گیانیان لە دەست داوە. کوژران و برینداربوونی 33 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی ڕەزبەر لە حالێکدایە کە لە سێ مانگی هاوین 66 و لە وەرزی بەهاریش‌دا 56 کۆڵبەر و کاسبکار لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە 155 کەس. شایانی باسە کە پارەکەش لانیکەم 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆکاری سروشتیی وەک ڕەقهەڵاتن لە سەرما و هۆکاری ناسروشتیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون و بریندار ببوون.