کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی حەمید حاجی دەروێش

16:54 - 2 خەزەڵوەر 2719

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی، حەمید حاجی دەروێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکەمین پارتی کوردی لە وڵاتی سووریە، لە شاری قامیشلووی ڕۆژاوای کوردستان کۆچی دوایی کرد. حەمید حاجی دەروێش لە ساڵی ١٩٣٦ی زایینی لە گوندی " قەهرەمانیا " لە دەڤەری ترپەسپی لە ڕۆژاوای کوردستان لە دایکبووە. ساڵی ١٩٤٤ چۆتە قوتابخانە و ساڵی ١٩٥٣ لەگەڵ شاعیری ناوداری کورد جگەرخوێن ئاشنا دەبێ. مامۆستا جگەرخوێن کاریگەری زۆر لەسەر هەستی کوردایەتی ناوبراو دادەنێ. لە ساڵانی ١٩٥٠ی زایینی دەبێتە ئەندامی یەکیەتیی قوتابیانی زانستگەی شام و لە چەندین چالاکی بە تایبەتی لەگەڵ خوێندکارانی باشووری کوردستاندا بەشداریی دەکا و لەو کاتەوە ناوبراو دێتە نێو مەیدانی سیاسەتەوە. لەو کاتەدا کە بزووتنەوەی چەپ لەبرەودا بوو، بەڵام "حەمیدی حاجی دەروێش" ڕێچکەی کوردایەتی دەگرێتە بەر و لە ساڵی ١٩٥٦دا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکەمین حیزبی کوردی لە سووریە و بەهاوکاری هاوڕێیانی، "پارتی دێموکڕاتی پێشڤەڕۆی کورد" لە ڕۆژاوای کوردستان دادەمەزرێنێ. حەمید حاجی دەروێش بەهۆی کاری سیاسییەوە چەند جار لە لایەن دەوڵەتی سووریەوە دەسبەسەر دەکرێ و دەخرێتە بەندیخانەوە بەڵام ناوبراو بەردەوام دەبێ لە درێژەپێدانی ڕێبازی کوردایەتی. لە کاتێکدا کە ئەو سەردەم زۆر لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە کوردییە زیندانی دەکرێن، حەمید حاجی دەروێش سەرکردایەتی حیزبەکەی دەکا. حەمیدا حاجی دەروێش سەرکردەیەکی دیار و ناسراوی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد بوو و یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و ڕێبەرانی دیکەی حیزب بوو و پێوەندییەکی نزیک و بەردەوامی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوو. هەر بەم بۆنەوە لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی دۆستانمان لە پارتی دێموکڕاتی پێشڤەڕۆی کورد، بنەماڵەی بەڕێزی ناوبراو و خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی