کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراوی کورد هەڤاڵ « عەبدولحەمید حاجی دەروێش» سکرتێری گشتی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سوریە

20:31 - 2 خەزەڵوەر 2719

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زاینیی کاک عەبدولحەمید حاجی دەروێش، سکرتێری گشتی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سوریە ، دوای ساڵانێکی زۆر خەباتی سیاسی لەتەمەنی ٨٤ساڵیدا لەشاری قامیشلۆ ماڵئاوایی لەژیان کرد. کاک عەبدولحەمید دەروێش لەساڵی ١٩٥٧ی زاینیی یەکێک لە‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى پارتى دیموكراتى كورد له‌ سووریا بووە و ساڵی ١٩٦٢یش پارتی دێموكراتی پێشڤەڕۆی كوردی لە سووریا دامەزراند. خەباتکارێکی ماندوونەناس و تێکۆشەر بووە لەپێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد لەکوردستانی ڕۆژئاوا و تەنانەت چەندین جاریش لەلایەن ڕژیمی بەعسی سووریەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە. هاوکات دۆست و هاوڕێی دڵسۆزی خەباتی گەلی کورد لەکوردستان ڕۆژهەڵات بوو. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێز دەگرێت لەساڵەها خەبات و تێکۆشانی کاک «عەبدولحەمید دەروێش »و بێگومان مەرگی ئەم تێکۆشەرە دێرینە، ئێمەی خەمبار کردووە و هەروەها خەسارێکیشە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەکوردستانی ڕۆژئاوا، ئێمە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٤ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٩ی زاینیی