کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەشی پێوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان‎

20:35 - 2 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ ی ئۆكتۆبر هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بەشی پێوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان کۆبۆوە. هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە خالید حەسەن پوور ئەندامی ڕێبەری حیزب، سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی كۆمیتەی ئاڵمان و فەرزانە رەشیدزادە بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی یەكیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەشی پەیوەندیدار بە كار و باری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان كۆبوونەوە. ‎لەو دانیشتنەدا ئەندامانی هەیئەتی حیزب لە سەر بارودۆخی كورد بەگشتی و ڕۆژئاوای كوردستان قسەیان کرد. هەیئەتی حیزب وێڕای سپاس لە دەوڵەت و خەڵکی ئاڵمان كە لەو بار دۆخە هەستیارە دا بەهەر شێوەیەك كە لەدەستیان هاتوو پشتگیری و یارمەتی كوردیان كردووە، سەرنجی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانی بۆ سەر ئەو زەخت و گوشارانە ڕاكێشا كە لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشی ئەرتەشی توركیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەگشتی بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان هاتووەتە پێش. هەر لەو پەیوەندیە دا هەیئەتی حیزب بە درێژە باسی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بۆ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان كرد و لەو پەیوەندیە دا ئاماژەی بە گرتنی زیاتر لە سەد كەس لە چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی كە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەكانی دژ بە هێرشی سپای توركیە بۆ سەر ڕۆژاوای كوردستان، لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە گیراون. لە پەیوەندی لەگەڵ پاراستنی بەرجامدا هەیئەتی حیزب پێی لەسەر ئەوە داگرت كە ئێمە وەكوو كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستان نیگەرانین کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بكەوێتە ژێر سێبەری ئەو ڕێکەوتنەوە و لەو بارەوە داوای لە وەزارەتی دەرەوەی كرد كە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و لە كورستان بە تایبەتی لە بیر نەكەن.‎ لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی زێدەخوازانەی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا هەیئەتی حیزب ئاماژەی بە نفوز و دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی كرد و لەو پەیوەندیە دا تیشكی خستە سەر مووشەكبارانی قەڵای دێموكرات وەك یەكێك لە دەرەنجامەكانی سیاسەتی دەستدرێژكارانەی كۆماری ئیسلامی. جێگای ئاماژەیە كە بەرپرسی یەكیەتی ژنان ئاماژەی بەوە كرد كە لەو هێرشەدا سكرتێری یەكیەتی ژنان شەهید بووە و چەندین ژنی دیكەی ئەو ڕێكخراوە برینداربوون و لەناو بریندارەكاندا تەنانەت مناڵیشی تێدا بووە‎. هەیئەتی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان كە پێكهاتبوو لە "تۆیمێز و زیگفرید" وێڕای سپاس لە هەیئەتی حیزب و پێ خۆشحاڵ بوونیان بەو دیدارە، ئەوانیش لەگەڵ هەیئەتی حیزب هاوڕابوون و نیگەرانی خۆیان لەدەست تێوەردانەكانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و بەتایبەت دەست تێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی و بەكارهێنانی مووشەكی دوورهاوێژ بۆ لێدانی بنكەی ناوەندی حیزب لە باشووری كورستان دەڕبڕی‎ و هاودەردی خۆشیان لەگەڵ ‎هەیئەتی حیزب سەبارەت بە قوربانییەكانی ‎مووشەكبارانی قەڵای دێموكرات هێنا گۆڕێ. ‎لە كۆتاییدا هەیئەتی حیزب داوای كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ سنورێك بۆ دەستدرێژی و هێرشی توركیا و ئێران بۆ سەر وڵاتانی دەورووبەر و گەلی كورد دابنێن و پێش بە كارەساتی چاوەڕوان نەكراو و شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكە بگرێ. جێگەی ئاماژەیە كە دەوڵەتی ئاڵمان هەم هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستانی بە توندی مەحکووم کرد و هەم پێشنیاری ڕێگە چارەسەرێکی نێودەوڵەتی بۆ پرسی كورد لە ڕۆژاوا كرد کە ئێستا لەنێو ململانێی زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەدا چارەنووسی نادیارە‎ . ‎