کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

14:06 - 4 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژی چوارشەممە ١ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٣ئۆکتۆبری ٢٠١٩ زایینی کاک ئەحمەد قازی ناسراو بە "ژیگول" بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. کاک ئەحمەد قازی لە کەسە دیارەکانی شاری مەهاباد بوو و لەگەڵ ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حەمەڕەزاشای پەهلەوی هاتۆتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان . کاک ئەحمەد لە میتینگی سەد هەزار کەسی کە بۆ شەهید دوکتور قاسملوو لە مەهاباد پێکهاتبوو ، بەشداری کردووە و ڕۆڵی ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ ئەو متینگەی لە سەر شان بووە. کاک ئەحمەد ژیگول مرۆڤێکی دەروەست و خەمخۆری گەل و نیشتمان و مرۆڤێکی خاکی و بە بیروباوەڕ و خۆشەویست و تاسەر تێکۆشەرێکی وەفادار بەڕێبازی حیزبەکەی بوو. کاک ئەحمەد وێرای ئەوەی کە تەمەنێکی تێپەر کردبوو، بەڵام هەمیشە دڵگەرم و چالاک و هەڵسوور بوو و ماڵەکەی وەک بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوام بە ڕووی هەموو لایەک دا کراوە بوو، ئەو وێڕای هاوسەری ژیانی هاوکات ئەندامانی بنەماڵەکەشی، فێری وانەی کوردایەتی کرد و هەموویانی فێری گەلدۆستی و نیشتمانپەروەری کرد و لەو پەیوەندییەدا کوڕ و کچەکانی شان بە شانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خزمەتی پێشمەرگایەتی و ئەندامەتیان لە ڕیزەکانی حیزبدا درێژەپێدا. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئەحمەد و خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.