کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانەکانی عێراق دەیان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە

14:15 - 4 خەزەڵوەر 2719

ماوەیەکە خەڵکی عێراق بەهۆی نەبوونی کار و بۆ دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی دێنە سەرشەقامەکان و داوای جێبەجێکردنی ویست و داخوازییەکانیان دەکەن. لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، خەڵکی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وەک نەبوونی، بێکاری و گەندەڵی هاتوونەتەوە سەر شەقامەکان و دروشمی جۆراوجۆر دەدەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەکەن. ڕۆژی ڕابردووش هەر لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی پێشوو، خەڵک هاتنەوە سەرشەقامەکان و خۆپێشاندانەکان چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتەوە و ئاگریان لە باڵەخانەی پارێزگاکانی بەسر و کەربەلا بەردا و بەهۆی بەرگری هێزە ئەمنییەکان خۆپێشاندانەکان توندوتیژییان لێکەوتەوە. لەو خۆپێشاندانانەدا تا ئێستا ٤٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوون. بەهۆی توندوتیژی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، ئەنجوومەنی دادوەری عێراق رایگەیاند کە هەر کەسێک بە چەک هێرش بکاتە سەر دامودەزگا دەوڵەتییەکان، ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە. لەنێو دروشمی خۆپێشاندانەکاندا یەکێک لە دروشمەکان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو و خەڵکی ناڕازی داوایان دەکرد کە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای رووخانی دەوڵەتی سەددام حوسێن بەشێوەیەکی بەربڵاو خۆی خزاندە عێراقەوە و بە ئاشکرا دەست لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتە وەردەدا و هێز و میلیشیای جۆراوجۆری لەو وڵاتە پێکهێناوە کە ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی گەلانی عێراق. خۆپێشاندەران باس لەوە دەکەن کە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا دەستیان هەیە لە کوشتن و سەرکوتی خۆپێشاندەراندا و ئەوەش خەڵکی عێراقی زیاتر تووڕە کردووە و هەر بەم هۆیەشەوە داوای چوونەدەری هێزەکانی ئەو ڕێژیمە دەکەن لە وڵاتەکەیان. لەگەڵ ئەوەی کە لە لایەن دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی کۆمەڵێک بەڵێن بۆ چاکسازی بە خۆپێشاندەران دراون بەڵام تا ئێستاش خۆپێشاندانەکان بەردەوامن و خەڵک بێ گوێدانە کوژران و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان، بەردەوامن لە سەر دەستەبەرکردنی مافەکانیان و تا ئێستاش شەقامەکانیان چۆڵ نەکردوە.