کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی لە سووریە

16:18 - 5 خەزەڵوەر 2719

پاش چەند ساڵ لە دیارنەبوونی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی داعش، ڕاگەیاندنە گرینگەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئەبووبەکر بەغدادی بە دەستی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەدلیبی سووریە کوژراوە. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ لە تویتێکدا گوتبووی کە "ڕووداوێکی گەورە" ڕووی داوە. ئاسۆشیتێدپرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ڕایگەیاندوە؛ کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریە هەڵمەتێکی دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانی سەرکردەی داعشیان دەسپێکردوەو بە ئاکام گەیشتووە. پاش تویتی تڕامپ لە شەوی شەممە ٤ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو پێوەندییە‌دا لێدوان دەدا. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵدەریی لە ئەنجامی عەمەلیاتێکی سەربازیی لە ئەدلیبی سووریە دەگوترێ ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی داعش کوژراوەو بۆ پشتڕاست کردنەوەی کێیەتی کەسی کوژراو، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بڕیارە تڕامپ لە وتووێژێکی ڕاستەوخۆ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە. چەند سەرچاوەی گرینگی هەواڵ لە ئەمریکا باس لە کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی دەکەن و بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "دفێنس ڤان" سەرکردەی داعش پێش ئەوەی دەسبەسەر بکرێ ، خۆی تەقاندوتەوە. جێی ئاماژەیە ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم بەدری قورەیشی" بەناوی خوازراوی ئەبووبەکر بەغدادی پێنج ساڵ پێش ئێستا بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، وەکوو سەرکردەیەکی تیرۆریست ناسرا. ناوبراو پێشتر ئەندامی گرووپی توندڕەوی ئەلقاعیدە بوو. بە هۆی هێرش کردن بۆ سەر بەشێکی بەرچاو لە خاکی سووریە و عێراق و کوردستان و کوشتنی چەندین هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی، ناوی چۆتە ڕیزی ١٠ کەس لە ڕێبەرانی مەترسیداری جیهان. جێی‌وبیرهێنانەوەیە کە گرووپی داعش ساڵی ٩٤ی هەتاوی توانی بەشێکی بەربڵاو لە خاکی سووریەو عێراق داگیر بکا. ئەو گرووپە لە ماوەی پێنج ساڵدا هەزران کەسیان کوشتوەو سەدان هەزار کەسیشیان بەدیل گرت و بەشێکی گرینگ لە ئاسەواری مێژوویی ئەو ناوچانەیان لە ناوبرد. کارەساتی هێرش بۆسەر ئیزەدییەکان و هۆلۆکاستی شەنگال لە رووداوە دڵتەزێنەکانی دەستی گرووپی داعشە. ئەبووبەکر بەغدادی پێنج ساڵ پێش لە مزگەوتێکدا خۆی بە رێبەی خەڵافەتی ئیسلامی زانی و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەشت جار هەواڵی کوژرانی بڵاوبۆتەوە.