کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە خۆپێشاندانەکانی عێراق

16:19 - 5 خەزەڵوەر 2719

ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژ بە گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەستی پێکردۆتەوە و تا ئێستا کوژراو و برینداری زۆری لێکەوتۆتەوە. خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق ١٢ پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە و خۆپێشاندەران دژ بە گەندەڵی دروشم دەدەن و داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەکەن. لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەت قەولی هێندێک چاکسازی داوە بەڵام خۆپێشاندەران شەقامەکانیان چۆڵ نەکردوە و شەوی ڕابردوو بەشێک لە خۆپێشاندەران لە بەغدا نەچوونەوە ماڵەکانیان و لە گۆڕەپانی تەحریر ڕۆژیان کردەوە. بەپێی راپۆرتی مافی مرۆڤی عێراق خۆپێشاندەران تا ئێستا ٧٢ باڵەخانە و ئیدارەی دەوڵەتی و ماڵی بەرپرسانیان سووتاندووە. خەڵکی ناڕازی لە دەستێوەردانەکانی دەوڵەتانی بێگانە و بە تایبەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەوی ڕابردوو لە شاری کەربەلا کۆنسولگەری ئەو ڕێژیمەیان گەمارۆدا و ئاڵای عێراقیان لەسەر کۆنسۆلگەرییەکە هەڵدا و لە هەمانکاتدا بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە سروودی نیشتمانی عێراقیان گوتەوە و داوایان کرد کە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردووش لە شاری بەسرە ئاگریان لە کۆنسۆلگەری ئەو ڕێژیمە بەردا. لە خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆژانەدا و لە خۆپێشاندانەکانی پێشتریشدا لە زۆر شوێن خەڵک دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا و ڕۆژی رابردووش وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و قاسم سولێمانییان دڕاند و خستیانە ژێر پێ و بەمجۆرە ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خۆیان لەو ڕێژیمە ئاژاوەگێڕە دەربڕی. لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەت ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان هەقیان نییە راستەوخۆ تەقە لە خەڵک بکەن و خەڵک بکوژن، بەڵام بەپێی راپۆرتی مافی مرۆڤی عێراقی تا شەوی ڕابردوو ٦٣ کەس کوژراون و نزیک بە ٣٠٠٠ کەس بریندار بوون. بەرپرسانی حکوومەت ڕایانگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خەڵک نەکردوە و ئەوەی کراوە لە لایەن حیزب و میلیشاکانەوە بووە کە بێگومان مەبەستیان حەشدی شەعبییە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکە و هەر لەو پێوەندییەدا چەند خۆپێشاندەرێک ڕوو بە میدیاکان ڕایانگەیاند کە ئەوانەی تەقەیان لێدەکەن چەکداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبین. بەپێی قسەی چەند شڕۆڤەکارێک، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپێشاندانەکان بەرەو توندوتیژی دەبا و لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە دەیهەوێ خۆپێشاندانەکان بەرەو ئاقارێکی ئاڵۆز و نەخوازراو بچن. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی ئاژاوەگێری و پشتیوانی تێرۆریزم دەستێکی باڵای هەیە لە تێکدانی ئارامی وڵاتان و بەگژ یەکداکردنی گەلانی ناوچەکە و لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێ هێژموونی خۆی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بسەپێنی و درێژە بەبیری کۆنەپەرەستانە و خوێنڕێژی و ئاژاوەگێری بدا و نەهێڵێ ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە ببینێ.