ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی سەرۆکۆماری ئەمریکا لە پرێس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەنگۆی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی داعشی پشتڕاستکردەوە.
قسەکانی دۆناڵد تڕامپ لە کاتێکدا بوو کە رۆژی ڕابردوو لە تویتێکدا باسی لە هەواڵێکی گرینگ کردبوو کە هەر زوو میدیاکانی ئەمریکا باسیان لە ئەگەری کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی کردبوو بە دەستی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئەدلیبی سووریەدا.
رۆژی یەکشەممە هەواڵی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی پاش پێنج ساڵ خۆ شاردنەوە سەرنجی ڕاگەیاندنەکانی ڕاکێشا، هەتا دۆناڵد تڕامپ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە کرد.
تڕامپ گوتی : ئەبووبەکر بەغدادی لە کاتی هەڵاتندا لە نێو تونێلێکدا خۆی تەقاندۆتەوە.
دەگوترێ تەرمی ٧ کەس کە بریتین لە سێ ژن و سێ پیاو و منداڵێک لەو تونێلەدا دۆزراوەنەتەوە.
هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە بە پێی تاقیکردنەوەی "دی ئێن ئای" یەکێک لە کوژراوەکان ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی تیررۆریستیی داعشە.
تڕامپ باسی لەوە کرد کە ١١ منداڵ لە حەشارگەی ئەبووبەکر بەغدادی ڕزگار کراون.
جێیئاماژەیە دۆناڵد تڕامپ لە قسەکانیدا وێڕای باسکردن لە هاوکاری ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی وڵاتانی سووریە و عێراق، سپاسی هاوکاری هێزە کوردییەکانی کرد لە ڕۆژاوا.
پێشتریش مەزڵووم کۆبانێ بەفەرمی گوتبووی کە ئەبووبەکر بەغدادی بەهاوکاری ئێمە دۆزراوەتەوە.