کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی کورد خەڵاتی "ڤۆمێکس"ی ۲۰۱۹" ی وەرگرت

15:26 - 6 خەزەڵوەر 2719

کەیهان کەلهوڕ"، هونەرمەندی ناسراوی کرماشانی، خەڵاتێکی جیهانی بەناوی "ڤۆمێکس" لە فیستیڤاڵی جیهانی موسیقی لە وڵاتی فینلاند وەرگرت. ڕۆژی یەکشەممە ٥ خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی، خەڵاتی " ڤۆمێکس" بەخشرا بە کەیهان کەلهوڕ، هونەرمەندی ناوداری کورد. خەڵاتی ڤۆمێکس کە بە خەڵاتی جیهانی مووسیقی "ئێکسپۆ" ناسراوە و ئەو ناوەندە لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی دامەزراوە. ئەو خەڵاتە بۆ ڕێز لێنان و بایخدان بە موسیقییە دیارەکانی جیهان و بەرزنرخاندنی موسیقی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا لە ساڵی ٢٠٠٨وە هەر ساڵێ بە کەسێکی شیاو و لێهاتوو دەبەخشرێ. ئەمساڵیش ئەو خەڵاتە درایە کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی ناوداری کورد. ناوبراو موزیکژەن و ئاوازدانەرێکی گەورەی کوردستان و ناوچەکەیە کە لەگەڵ هونەرمەندانی بە ناوبانگ کاری کردووە. کەیهان کەلهوڕ"تەمەنی ٥٥ ساڵە و تا ئێستا خاوەنی ۲۳ بەرهەمی بەناوبانگی ناوچەیی و جیهانە و چەند خەڵاتی دیکەشی وەرگرتووە. جێی وەبیر هێنانەوەیە کە لە سەرەتای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، "کەیهان کەلهوڕ" مۆسیقاژەنی بە توانای کورد کە بڕیاربوو لە وڵاتی تورکیە کۆنسێرتێک بەڕێوە ببا، لە هەڵوێستێکی بوێرانەدا بە نیشانەی مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوی کوردستان کۆنسێرتەکەی هەڵوەشاندوە. "ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەر "کەیهان کەلهوڕ" و ئەرداڵ ئەرزەنجان''، هونەرمەندی کوردستانی باکوور، لە ڕێوەڕەسمێکدا، پێکەوە بەرنامەیەکیان پێشکەش کرد. ماڵپەڕی ''ڤۆمێکس''، هۆکاری پێبەخشینی ئەو خەڵاتەیان، سەرسامبوون و لێوەشاوەیی، هەروەها بەدیهێنانی زمانی نوێ لە مۆسیقای سوننەتی، باسکردووە. کەیهان کەلهوڕ" لە ساڵی ١٩٦٣ی زایینی لە شاری شائاباد لە پارێزگاى کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنى پێنج ساڵیەوە دەستى بە فێربوونى کارى مۆسیقا کردووە. لە ١٢ ساڵیدا بە شێوەیەکى شارەزایانە درێژەى بە کارى مۆسیقا داوە.