هێزەکانی سووریای دێموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی بۆ قووڵایی ٣٢ کیلۆمیتر ڕاگەیاند. لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە کە هێزەکانمان دەکشێنەوە و سپای دەوڵەتی سووریە لە سنوورەکان جێگیر دەبن. هەر لەو پێوەندییەدا لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە ڕۆڵی دەوڵەتی ڕووسیە کراوە کە بەڵێنی پێداون لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دابێ لەگەڵ دەوڵەتی سووریە.
مستەفا بالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە) گوتی "ئەمڕۆ دوای چەند رۆژێک لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان فەرماندەی گشتیی ئێمە و حکومەت و سوپای رووسیە، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی لە سووچی کراوە و بۆ پاراستنی ئارامی هەرێمەکە و نەهێشتنی مەترسییەکی نوێ و شەڕێکی نوێ لەسەر هەرێمەکە، هێزەکانمان بە گەرەنتی رووسیە لە هەرێمەکە بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمیتر لە سنوور دەکشێنەوە".