کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی خۆپێشاندانەکانی عێراق بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان

14:13 - 7 خەزەڵوەر 2719

ماوەیەکە خەڵکی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بێگوێدانە هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان و قەول و بەڵێنیی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە، خۆپێشاندانەکانیان درێژە پێدەدەن. وڵاتی عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە هیچکات ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەدیتوە و هەر جارە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەگەڵ شەڕ و شۆڕش و ئاڵۆزی و گەندەڵی بەرەو ڕووبووە. ساڵی ڕابردوو خەڵکی عێراق هاتنە سەرشەقامەکان و داوای مافەکانیان لە دەوڵەت کرد، لەگەڵ ئەوەی کە کابینەی نوێ پێکهات بەڵام دیسان کێشە و گرفتەکانی خەڵک چارەسەر نەکران و ئەمساڵ بۆ جارێکیتر خەڵک هاتنەوە سەرشەقامەکان و ماوەی نزیک بە مانگێکە بەردەوامن لە خۆپێشاندان. لە خۆپێشاندانەکانی عێراق تا ئێستا هەزاران کەس بریندار بوون و ٧٣ کەس کوژراون، بەڵام خەڵک بێگوێدانە هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان و تەقەی ڕاستەوخۆی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر داواکانیان سوورن. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ماوەیە لە خۆپێشاندانەکاندا زۆرتر پیاوان بەشدار دەبوون بەڵام ڕۆژی ڕابردوو خوێندکارانیش هاتنە نێو ڕیزی خۆپێشاندەرانەوە و ئاپۆڕای خۆپێشاندانەکانیان گەورەتر و بەربەرینتر کرد. لەم ماوەیەدا دەوڵەتی عێراق بۆ وڵامدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک، دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی چەند بڕیارێکی دەرکرد و کۆمەڵێ بەڵێنیی بە خۆپێشاندەران دا، بەڵام تا ئێستاش خەڵک بەردەوام دێنە سەر شەقامەکان و باوەڕ بە بەڵێنی چاکسازی و گۆڕانکاری دەوڵەت ناکەن . شەوی ڕابردوو لەگەڵ ئەوەی کە لە پێتەختی عێراق قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرابوو، بەڵام خەڵک سەرپێچیان لەو فەرمانەی دەوڵەت کرد و هاتنەوە گۆڕەپانی تەحریر. هەر شەوی رابردوو لە شاری کەربەلا بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە ١٨ کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون. لەم ماوەیەدا خۆپێشاندەرانی تووڕە لە گەندەڵی و خەمساردی بەرپرسان، نزیک بە ٢٠٠ ئیدارەی دەوڵەتی و مقەڕی حیزبەکان و ماڵی بەرپرسانیان سووتاندووە. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە ڕێگای میلیشیاکانی و هێزەکانی سپای قودس و سپای پاسداران دەستی باڵای هەیە لەم دۆخە نالەبارەی عێراقدا و هەر بەم هۆیەشەوە خۆپێشاندەران داوای چوونەدەرێی ئەو ڕێژیمە دەکەن لە وڵاتەکەیان. خۆپێشاندەرانی ناڕازی ساڵی ڕابردوو کۆنسۆلگەری ڕێژیمیان لە بەسرە ئاگر تێبەردا و ئەمساڵیش کۆنسۆلگەری ئەو ڕێژیمەیان لە کەربەلا گەمارۆدا و ئاڵای عێراقیان لەسەر باڵەخانەی ئەو کۆنسۆلگەریە هەڵدا و سروودی نەتەوەیی عێراقیان خوێندەوە کە ئەمەش پەیامێک بوو بۆ دەستێوەردانەکانی ئێران و ناڕەزایەتی خەڵک لەو ڕێژیمە. وێنەکانی عەلی خامنەیی و قاسم سولێمانی وەک دوو جینایەتکار و ئاژاوەگێری ئەم ناوچەیە خرانە ژێر پێی خۆپێشاندەرانەوە و بە دروشمی ئێران بۆ دەروەوە ناڕەزایەتییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دروشم دژی گەندەڵی و گەندەڵکاران هەر بەردەوامن.