کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانەکان دژ بە داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان بەردەوامن

15:03 - 7 خەزەڵوەر 2719

لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دژ بەو داگیرکارییە هاتنە مەیدان و ئەو هێرشە ناڕەوایەیان مەحکووم کرد. لەگەڵ ئەوەی کە هێزە کوردییەکان چەند ڕۆژێک دژ بەو هێرشە وەستانەوە و قارەمانانە بەرەنگاری لەشکری تورک بوونەوە و سەدان کەس شەهید و بریندار بوون، ئەو هێرشە بوو بەهۆی ئاوارەبوونی نزیک بە ٣٠٠ هەزار کەس، لە هەمانکاتدا کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە خوشک و برا کوردەکانیان لە ڕۆژاوای کوردستان و مەحکووم کردنی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیە، هاتنە سەر شەقامەکان و بە کۆکردنەوەی یارمەتی و پێداویستییەکانی ژیان و خۆپێشاندان هاوسۆزی خۆیان دەربڕی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەنگەری پشتیوانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، وەک هەمیشە خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و لەژیر سێبەری ڕەشی دەسەڵاتی ئاخوندیدا ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد. لەگەڵ ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان ڕێگر بوون و دەیان کەسیان ڕەوانەی بەندیخانەکان کرد، بەڵام خەڵک لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان نەپرینگانەوە و بەردەوام بوون لە پشتیوانی هاونیشتمانانیان لە ڕۆژاوای کوردستان. بەشی بەرچاوی ئەو خۆپێشاندانانە کوردانی تاراوگە بوون کە لە زۆربەی وڵاتەکان هاتنە سەر شەقامەکان و دژ بەو داگیرکەرییە وەستانەوە. خۆپێشاندانی کوردان لە دەرەوەی وڵات ماوەیەکە میدیای ئەو وڵاتانەی بەخۆیەوە خەریک کردووە. ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیە لەهەموو کاتێک زیاتر کوردانی هەر چوارپارچەی بە هەموو ڕەنگەکانەوە لە دەوری یەک کۆکردەوە کە ئەم هاوسۆزی و یەکبوونەی ئەمجارەی کوردان کەم وێنەیە. لەگەڵ ئەوەی کە کوردانی تاراوگە بە خۆپێشاندانەکانیان هیوایەکیان دا بە یەکڕیزی کورد، لە هەمانکاتدا ڕای گشتی جیهانیان هێنایە سەر خەت و لە زۆر لە خۆپێشاندانەکاندا لایەن و حیزبە خاریجییەکان هاتنە ڕیزی خۆپێشاندەرانەوە و دەکرێ بڵێین یەکەمجارە کە میدیا و شەقام لە دەرەوە ئەوەند لەگەڵ کورد هاوسۆزن و پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای کورد دەکەن.