کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشتی چالاکانی سیاسی بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی تاران

17:54 - 7 خەزەڵوەر 2719

بەهمەن ئەحمەدی ئەموویی، ڕۆژنامەنووس و زیندانیی پێشووی سیاسی، هانیە دائمی خوشکی ئاتنا دائمی و موحەممەد حوسێن ئاغاسی پارێزەری دادگا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ پۆلیسی ئەمنیی تاران بانگ کراون. شایانی باسە کە بانگهێشتی ئەو سێ کەسە بە بۆنەی ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر واتە مەراسمی ڕۆژی کوورش بانگ کراون. ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەزەڵوەر ی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەهمەن ئەحمەدی ئەموویی ڕۆژنامەنووس و زیندانیی سیاسی پێشوو، بە پێوەندییەکی تەلەفوونی بانگهێشتی پۆلیسی تاران لە بنکەی ئاسایشی مەیدانی جەنەت ئابادی تاران کرابوو. ناوبراو لە نووسراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هۆکاری دەسبەسەرکرانەکەی پەیوەندیی بە ڕۆژی کوورشەوە هەبووە. هەروەها موحەممەد حوسێن ئاغاسی، پارێزەری دادگا لە هەمان ڕۆژدا لەلایەن ئەو ناوەندەوە بانگهێشت کراوە. ناوبراو لە لاپەڕەیەکی خۆی باسی لەوە کردووە کە لەوێ ئاگاداری ئەوە بووە کە هەندێ کەس بۆ ئەو ناوەندە بانگهێشت کراون بۆئەوەی کە بەڵێن بدەین بەشداری لە ڕۆژی کوورش و پاسارگاد نەکەین. لەلایەکی دیکەوە هانیە دائمی خوشکی "ئاتنا دائمی" کە زیندانیی ژنی زیندانی ئەوینی تارانە، ئەویش ڕایگەیاندبوو کە بەبۆنەی ڕۆژی کوورش و پاسارگادەوە بانگهێشت کراوە. شایانی باسە کە چەند ساڵێکە لە ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەردا کۆمەڵێک لە خەڵکی ئێران بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی کوورش دەچنە شاری شیراز و هەروەک ساڵانی ڕابردوو ڕێژیم دەبێتە ڕێگری بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە و خەڵک بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ دەکا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە بە نیگەرانییەوە سەیری کۆبوونەوەکانی خەڵک دەکا و هەر کات هەست بەوە بکا کە خەڵک بە هەر بۆنەیەکەوە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە، بۆ چاوترسێن کردنیان بانگیان دەکا و بەڵێننامەیان پێ ئیمزا دەکا. خەڵکی بێزاری ئێرانیش لەو ڕێژیمە، بە دوای هەلێکدا دەگەڕێن تا لە دەوری یەک کۆببنەوە و بەجۆریک لە جۆرەکان ناڕەزایەتی خۆیان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن.