کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەھاباد

13:50 - 8 خەزەڵوەر 2719

سەر لە بەیانی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، دایە زینەت دیانەت دایکی شەهید "مەحموود بلکامە" دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی بۆ ھەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و دڵی لە لێدان کەوت . دایە زینەت وەک شێرەژنێک توانی سەرەڕای کوێرەوەری و نەھامەتییەکانی ژیان، بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ پەروەردە بکات و کوڕەکانی بە بیرو باوەڕی کوردایەتی گۆش بکات . بنەماڵەی دایە زینەت چوار لە کوڕەکانی لە ڕیزی خەباتی ھەقخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشی و لە بازنەیەکی گەورەتری بنەماڵەییدا خاوەن سێزدە شەھیدن. لە ھێرشی بەربڵاوی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوچەکانی مەھاباد و بەتایبەت سەرچنار، دایە زینەت وەک شێرەژنێک ئەوکاتەی کە کاک مەحمودی کوڕی شەھید دەبێ، بە مەبەستی تۆڵە کردنەوە لە دوژمنان، ھێرش دەکاتە سەر پاسدارەکان، بەڵام لەلایەن چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم دەدرێتە بەر دەستڕێژ و بریندار دەبێ . بنەماڵەی دایە زینەت لێبڕاوانە سەنگەری خەباتی کوڕی شەھیدیان ئاوەدان دەکەنەوە و دوو کوڕی ئەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرە جل و بەرگی پێشمەرگایەتی دەپۆشن و پەیمان لەگەڵ گەل و حیزبەکەیان نوێ دەکەنەوە کە تا ھێنانە دی ئامانجی بەرزی شەھیدان درێژەدەری ڕێبازیان بن . لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە زینەت و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.