کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی کردن لە چالاکییەکانی ئەنجومەنی "قەڵەمی هاوچەرخی کورد" لە شاری پاوە

16:30 - 8 خەزەڵوەر 2719

ناوەندە ئەمنییەکانی پارێزگای کرماشان پێشیان لە چالاکییەکانی ئەنجومەنی ئەدەبی و فەرهەنگی شاری پاوە گرت. بە پێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتووە، ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخی کورد لە پاوە تەواوی چالاکییەکانی لە ژێر زەبر و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراوەو ئیدارەی ئیرشاد و فەرهەنگیی ئیسلامی ئەو شارە بە بیانووی ئەمنی ، مۆڵەتنامەی ئەو ئەنجومەنەی هەڵوەشاندۆتەوە. هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری پاوە ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئیرشادی ئەو شارە بە تۆمەتی ئەوەی کە ئەندامانی ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخ، لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان کردوەو هەروەها پێشوازییان لە بەیاننامەی حیزبەکانی کوردستان کردوەو خەڵکیان هان داوە کە بێنە سەر شەقام، بۆ ماوەیەکی نادیار ئیزنی چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی بە ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخ نادەن. ناوبراو گوتی: یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئیرشاد زۆر بە توندی بێڕیزی بە ژنان و کچانی چالاک لەو ئەنجومەنە کردوە و دەڵی ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخ بووەتە جێگای کۆبوونەوەو پەروەردەی کەسانی دژبەری ڕێژیم. جێی‌ئاماژەیە کە بنکەی فەرهەنگی و هونەری "قەڵەمی هاوچەرخی کورد"ی شاری پاوە، لە ئەنجومەنە هەرە چالاک و ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە کردنەوەی خولی فێرکاریی زمانی کوردی و کۆمەلێک چالاکی دیکە، خزمەتی بەرچاوی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کردوە. شایانی باسە کە لە دەیەی حەفتای هەتاوییەوە ئەنجومەن و ڕێکخراوە فەرهەنگی و ئەدەبی و ژینگەپارێزییەکانی کوردستان لە سەر گەشەی هەستی نەتەوایەتی و مافخوازی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان هەبووەو زۆرجار چالاکان و هەڵسووڕاوانی بواری فەرهەنگ و کەلتووری کوردی لەو پێوەندییە‌دا تووشی ئازار و ئەزیەت و گرتن و ڕاوەدوونان بوونەتەوە.