کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژی ژنێک لە بۆکان و کوژرانی ٦ کەسی کامیارانی

16:35 - 8 خەزەڵوەر 2719

ژنێکی خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر ژنێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی "فەرزانە شەکرە کانی سۆهراب"، کچی "مەحیەدین"، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو ژنە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە مانگی ڕابردوو تەڵاقی وەرگرتبوو و لە مێردەکەی جودا بووەوە. لەم حەوتوویەدا، ئەمە سێهەمین حاڵەتی خۆکوژییە کە لە شاری بۆکان ڕوودەدات و لەو پەیوەندییەدا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "نەریمان ئەحمەدی"، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی "حەسەن" و "ئەحمەد باغچە"، کوڕی "عەبدوڵڵا"، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو. هەر لەم حەفتەیەدا کچە خوێندکارێکی کورد بە ناوی سارا ئیبڕاهیمی خەڵکی کامیاران لە لایەن کەسێکی ناسیاوی خۆیەوە لە باکووری ئێران کوژراوە. هەر لە پێوەندی لەگەڵ کوشتن و خۆکوژییەکاندا ئەمڕۆ هەواڵی کوژرانی پێنج کەسی دیکەی بنەماڵەیەکی کامیارانی بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن کەسێکی ناسیاوی خۆیانەوە کوژراون. شایانی باسە گەورەترین و سەرەکیترین هۆکاری خۆکوژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی بنەماڵەیی، خەمۆکی، نەداری و هەژاریی خەڵک کە ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی بەرچاو لە کوردستان پەرەی سەندووە.