کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی تازەی ئەمریکا و شەش وڵاتی عەڕەبی بۆ سەر ئێران و حیزبوڵڵا

20:06 - 9 خەزەڵوەر 2719

دەوڵەتی ئەمریکا و شەش وڵاتی عەرەبی گەمارۆیان خستە سەر ٢٥ کەس و دەزگا و ناوەندی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان. ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ شەش وڵاتی دەوروبەری کەنداوی فارس، بە یەکەوە گەمارۆیان خستۆتە سەر ٢٥ ناوەند و دەزگای حیزبووڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامیی ئێران. وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو گەمارۆ نوێیانە تا ئێستا پێشینەی نەبووە و لە گرینگترین گەمارۆکان هەژمار دەکرێن کە ئەمجارەیان ئەمریکا لەگەڵ ٦ وڵاتی دیکە بە یەکەوە بەسەر ئێران و حیزبوڵڵایان داسەپاند. وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە بەشێک لەو رێکخراو ناوەندانەی کە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، ئەو کەس و لایەنانە بوون کە ببوونە سەرچاوەی دارایی ناوەندە چەکدارەکانی بەسیج کە بۆ سەرکوتی گەلانی ئێران کەڵکیان لێوەردەگیرا. ئستیون منوچین، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەو گەمارۆیانە هاوکاتە لەگەڵ سەفەرەکەی بۆ ناوچەکە و هیوادار بوو کە بە هاوکاریی وڵاتانی عەڕەبی بتوانێ دژی پشتیوانانی دارایی تێرۆریزم هەنگاو بنێن. وەزارەتی خەزێنەداری ئاماژەی بەوە کردوە کە لەو ٢٥ ناوەندە کە گەمارۆ دراون، ٢١ کۆمپانیا لەو ڕایەڵکەدان کە پشتیوانی دارایی هێزە سەرکوتکەرەکانی دژ بە خەڵکی ئێرانن و ٤ کەسیشیان سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان کە هاوکاریی دەزگاکانی زانیاری و دارایی حیزبوڵلا لە عێراق دەکەن.