کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی حوکمی ١١ساڵ بەندکران بۆ هاونیشتمانێکی کورد لە بۆکان

20:07 - 9 خەزەڵوەر 2719

دادگای پێداچوونەوە حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی مامۆستایەکی کوردی پشتڕاست کردەوە. مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە دادگای پێداچوونەوەی لە ورمێ، بە ١١ ساڵ بەندکران حوکمدرا. سەید "ئارام ئەمین‌ زادە"، خەڵکی شاری بۆکان، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا. دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو مامۆستا کوردەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای گرووپە توندڕەوەکان لە کاناڵەکانی تێلگرامی" بە ١٠ ساڵ و ساڵێک زیندانیی تەعزیری بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام" مەحکووم کرد و بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، دەبێ ١٠ ساڵی ئەو حوکمە لەسەری جێبەجێ بکرێت. ناوبراو لە ١٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری بۆکانەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکانەوە، ئەو مامۆستا کوردە هاوکات لەگەڵ سەپاندنی ئەو حوکمە بە سەریدا، حوکمی دەرکرانی لە پیشەی مامۆستایەتی لە لایەن ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنەوە پێراگەیەندراوە.