کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری سنە بە شاری داهێنەر لە مووسیقی لە یونسکۆ تۆمار کرا

20:57 - 9 خەزەڵوەر 2719

  شاری سنە بە شارێکی لێهاتوو و داهێنەر لە بواری مووسیقی لە ڕێکخراوی جیهانیی یوونسکۆدا تۆمار کرا. حیشمەتووڵڵا سەیدی شارەداری شاری سنە ڕۆژی پێنج‌شەممە ٩ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە پرێس کۆنفڕاسێکدا ڕایگەیاند کە شاری سنە وەکوو شارێکی داهێنەر و چالاکی بواری مووسیقی ڕەسەن لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە ناسێندراوەو ئەوەش لە ناساندی ئەو شارە لە باری فەرهەنگی و مێژووییەوە بە خەڵکی جیهان کاریگەریی باشی هەیە. شایانی باسە شاری سنە ناوەندی پارێزگای سنە، یەکێک لە شارە دیارەکانی کوردستانە لە باری هونەر بە گشتی و موسیقی بەتایبەتی. ئەوشارە بە پایتەختی "دەف"ی جیهان و بە پایتەختی مووسیقی ئێرانیش ناسراوە. شاری سنە خاوەنی دەیان گرووپی مووسیقی و سەدان ژەنیاری بەتوانایە کە بەرچاوترینیان گرووپی مووسیقی کامکارەکان و عەندەلیبییەکان"ن کە خاوەنی نازناوی جیهانین. شاری سنە جیا لە بواری مووسیقی لە پەیکەرەتاشی و میعماری بازاڕ و خانووەکان لە ئێراندا ناسراوەو بە هۆی هەبوونی ئاووهەوایەکی فێنک و خاوێن شوێنێکی گەشتیارییشە. جێی ئامژەیە بە پێی سەرژمێریی ساڵی ٩٥ی هەتاوی حەشیمەتی ئەو شارە ٤١٤ هەزار و ٧٦٧ کەس تۆمار کراوە.