کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان لە چالاکانی مەدەنی

21:04 - 9 خەزەڵوەر 2719

ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم گوشار و هەڕەشەکانیان بۆ سەر چالاکان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد کردووە. پاش ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی لێقەوماوی ڕۆژاوا هاتنە سەر شەقامەکان و هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان لەو رووداوە دەربڕی، لایەنە ئەمنی و ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان دایە دەسبەسەرکردن و بانگکردنی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان. بە پێی سەرچاوە خۆجێیەکانی هەواڵ لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە تەنیا لە شاری پیرانشار زیاتر لە ١٥ چالاکی مەدەنی دەسبەسەرکراون و هەروەها نیزیک بە ٢٠٠ هاونیشتمانی دیکەش لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە بۆنەی هاتنە سەرشەقام و خۆپێشاندان بە دژی کوشتنی خەڵکی ڕۆژاوا دەسبەسەرکران. هەر لەو پێوەندییە‌‌دا ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لە ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و فەرهەنگی کردوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوەکانی کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار و ژینگەپارێزانی شاری پیرانشار هەڕەشەی داخستنیان لێ‌کراوە. هەروەها بنکەی فەرهەنگی و هونەریی قەڵەمی هاوچەرخی کورد لە شاری پاوە، کە ماوەی ٥ ساڵە لە بوارەکانی ئەدەبی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، لە ئەنجومەنە چالاکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بە زەبری هێزی ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنی چالاکییەکانیان ڕاگیرا. بە پێی قسەی هاونیشتمانییەکی شاری پاوە ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی چالاکانی ئەو بنکە فەرهەنگییەی بە دژبەرانی نیزام لە قەڵەم داوە. جێی‌وەبیر هێنانەوەیە کە یەکێک لە چالاکییەکانی بنکەی قەڵەمی هاوچەرخی کورد لە شاری پاوە، بەڕێوەبردنی "کەمپەینێک بوو بۆ گرینگیدان بە منداڵانی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان لە ژێر ناوی " نیشتمان بێ تاقەتی کایەتانە" کە لەو هەڵمەتە‌دا بۆ سەدان منداڵی لێقەوماو، کەل و پەل و پێداویستی کۆکرایەوە.