کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کوچ و کۆچبەرانی نۆروێژ سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

02:39 - 11 خەزەڵوەر 2719

شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەنابەران و کوچ و کۆچبەرانی نۆروێژ سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. لەم دیدار و دانیشتنەدا باس لە ڕەهەندە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەهۆی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرا کە دەبنە هۆی بەردەوامیی کۆچ لە ئێران. ڕۆژی هەینی، 10ی خەزەڵوەر شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەنابەران و کوچ و کۆچبەرانی نۆروێژ بە سەرپەرستیی "ئارێ هۆڤدێناک"، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست له ناوه‌ندی زانیاریی وڵاتی دایک (لایند ئینفۆ) وهاوڕێیەتیی ئاسلاک واردوند، ڕاوێژکار له هه‌مان ده‌زگا و خاتوو هێلد هاوگمون کارلسن، ڕاوێژکاری کۆمیته‌ی به‌هاناوه‌چوونی کۆچبه‌ران بە سەردان و بە مەبەستی کۆبوونەوەیەک گەیشتنە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەلایەن شاندێکی حیزب بە سەرپەرستیی د. ئاسۆ حەسەن‌زادە، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە وەرگیران. لە دیدارێکی چڕوپڕی دوولایەنەدا کە زیاتر لە 6 کاتژمێری خایاند و بە بەشداریی بەرپرسانی ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکانی حیزب، یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی ژنان، ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکیەتیی خوێندکاران و منداڵپارێزی بەڕێوەچوو؛ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی لاوان، ژنان، منداڵان و خوێندکارانی کورد لە ئێران خرایە بەرباس. هەیئەتی خانەخوێ لەسەر ئەم بابەتانە و چەند پرسێکی دیکەی وەک ئێعدامە سیاسییەکان، کۆڵبەرکوژی، تەقینەوەی مین لە کوردستان و ڕەوشی زیندانیانی سیاسیی کورد داتا و زانیاریی پێویستیان خستە بەردەستی هەیئەتی میوان. هەروەها ڕوانگەی و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنی و سینفی‌یەکانی سەر بە ئەم حیزبەیان لەسەر هۆکار و چەندی‌وچۆنی و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خستە بەرچاو. پرسی پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی پەناخوازانی سیاسیی کورد لە نۆروێژ کە لە سۆنگەی دەسەڵاتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامییەوە ناچار بە جێهێشتنی وڵات بوون، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوون.