کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە لە جیهان

18:17 - 11 خەزەڵوەر 2719

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامیی بە پشتیوانی یەکەمی تێرۆریزم لە جیهان و ناوچەکە ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوی ساڵانەی خۆیدا کە سەبارەت بە تێرۆریزمە، لە ساڵی ٢٠١٩دا باسی لەوە کردووە کە ئێران هەروەکوو پێشوو پشتیوانی یەکەمی تێرۆریزمە لە جیهان. لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکا کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی دەوڵەتی ئێران بە یەکێک لە سەرەکیترین کارەکانمانەوە و زیاد کراوە:" ئێران بۆ میلیشیاکانی دەسکردی خۆی و پشتیوانی لە تێرۆریزم زیاتر لە یەک میلیارد دۆلاری خەرج کردووە". هەر لەو پێوەندییەدا "ناتان سێلز'' بەرپرسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم، لە وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، شەوی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە باسی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران ڕایگەیاند:" سپای پاسداران زیاتر لە یەک میلیارد دۆلاری سەرفی پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا و حەماس کردووە". ناوبراو لە درێژەدا وتی: "ئەمریکا گوشارێکی زۆری بۆ حیزبوڵڵا هێناوە بەڵام ئێران هەمیشە پشتیوانیی لێدەکا". بە وتەی ناتان سێلز، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی ٥٠ ڕێکخراوی وەکوو "جێبهەتولنوسرە" لە سووریە و داعشی لە ئەفریقا، بە گرووپە تێرۆریستییەکان زیاد کردووە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە پێشتریش ئەمریکا ناوی چەند کاربەدەستێکی سپای پاسدارانی وەکوو قاسم سولێمانی لە لیستی ڕەش خستووە و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی بە تێرۆریست ناساندووە. شایانی باسە کە برایان هوک، کاربەدەستی پلە باڵای ئەمریکایی کە بەرپرسی کاروباری ئێرانیشە، لەوبارەوە دەڵێ: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەیکە بتوانێ هێژموونی خۆی لە ناوچەکە زیاتر بسەپێنێ، یارمەتی و پشتیوانییەکی ماڵی زۆر دەنێرێ بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان. هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە بە بەراوردێک کە لەوبارەوە کراوە، کۆماری ئیسلامی تا ئێستا زیاتر لە ١٦ میلیارد دۆلاری بۆ میلیشیاکانی لە عێراق و سووریە و لوبنان خەرج کردووە. هەرلەوبارەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە بەشی ئاوەدانکردنەوەی ئێران، بەبۆنەی دەستێدا بوونی سپای پاسداران لە تێرۆر، لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر چوونکە زۆربەی بەشە پیشەییەکانی ئێران و بەشی ئاوەدانکردنەوە بە دەستی سپای پاسدارانەوەیە.