کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەستدانی کۆڵبەرێکی ناوچەی سەردەشت بە هۆی سەختی برینەکەیەوە

18:22 - 11 خەزەڵوەر 2719

کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی سەختی برینەکەیەوە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بریندار کرابوو گیانی لە دەستدا. پەیمان یوسفی خەڵکی گوندی "دەرمان ئاوێی" ناوچەی سـەردەشت، کە ماوەیەکی پێش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار ببوو، پاش یەک مانگ لە ژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەستدا. هەروەها ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەر، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی "عوسمان تەرخان‌ئاباد" یادگار مەریوانی" و "داریوش ساحبی" لە پاسگای سنووری تەتەی مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون، جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە لەماوەی مانگی ئۆکتۆبردا لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ دا، لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی ئێران کوژراون و بریندار کراون کە لە سەتا٧٠ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، کە ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٦ کۆڵبەریش بریندار بوون. جێگەی ئاماژەیە کە کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان کارێکی پڕ لە مەترسییە و بە هۆی نەبوونی کار، کەسانێک بە ناچار ڕوویان کردۆتە کاری کۆڵبەری، بە شێوەیەک کە کۆڵبەران هەموو ڕۆژێک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان لەگەڵ مەرگ بەرەوڕوو دەبنەوە و ساڵانە بە سەدان کەس بە بیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکەونە بەر دەسڕێژی گوللە و گیانیان لە دەست دەدەن یان بریندار و نقوستان دەبن.