کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی عێراق و دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامی

14:32 - 12 خەزەڵوەر 2719

لە نۆهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراقدا دووکەس کوژران و نزیکەی ١٠٠ کەسیش برینداربوون، ئەمە لە حاڵێکدایە کە شارەکانی تری ئەو وڵاتەش بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان. دەیان هەزارکەس لە خەڵکی ناڕازی عێراق ڕۆژی شەممە لە شاری بەغدا لە مەیدانی تەحریری ئەوشارە کۆبوونەوە و داوای ڕووخانی حکوومەت و کورتکردنەوەی دەستی دەرەکی بەتایبەت کۆماری ئیسلامیان لە کاروباری نێوخۆی عێراق کرد. ئەوەی زۆر جێگای سەرنج و تێبینییە و میدیاکانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە دروشمی بەردەوامی خۆپێشاندەرانە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت خامنەیی و قاسم سولێمانی، کە سەرەڕای هەوڵ و تێچوویەکی زۆر لە سەرمایەی ئێران بۆدەستبەسەرداگرتنی وڵاتی عێراق لە لایەن ئاخوندەکانی ئێرانەوە، بەڵام ڕوانینی خەڵکی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ڕێک بە پێچەوانەی ئەو بەرنامەیەیە کە کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دایڕشتبوو. دروشمەکانی دژ بە خامنەیی و قاسم سولێمانی کە کاریگەرییەکی زۆریان لە شڵەژاندنی دۆخی سیاسی و تەنانەت ئابووری عیراقدا هەبووە و هەروەها سووتاندن و بێرێزیکردن بە ئاڵای کۆماری ئیسلامی و وێنەی خامنەیی و خومەینی و سولێمانی نیشاندەری بە باچوونی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە لەو وڵاتەدا. شایەنی باسە کە لە ناڕەزایەتییەکانی وڵاتی لوبنانیشدا بەشێک لە دروشمەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن . ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە کۆماری ئیسلامی دەستێوەردانی تێداکردوون لەوە تێگەیشتوون کە سەرچاوەی زۆر لە نەگبەتییەکان کۆماری ئیسلامی ئیرانە.