کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسولخانەی ئێران لە کەربەلا کەوتە بەر هێرشی خۆپێشاندەران

14:26 - 13 خەزەڵوەر 2719

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراقدا، خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر کۆنسولخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کەربەلا و ئاگریان تێبەردا. شەوی ڕابردوو ١٢ی خەزڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، خەڵکی کەربەلا لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیاندا، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا بۆ جاری دووهەم چوونەوە بەردەرگای کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی لەو شارە و دژ بە کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا. خۆپێشاندەرانی تووڕە لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتەکەیان، ئاگریان لە دەرگای کۆنسولخانەکە بەردا و لەگەڵ ئەوەی کە تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەران و هیزە ئەمنییەکان ڕوویدا و یەکێک لە خۆپێشاندەران کوژرا و چەند کەسێکی دیکە بریندار بوون، خۆپێشاندەران ئاڵای عێراقیان لەسەر کۆنسولخانەکە هەڵکرد. شایانی باسە کە ساڵی ڕابردووش خەڵکی ناڕازی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە شاری بەسرە کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامیان ئاگردا و هەر چەند ڕۆژ لەمەوبەر جارێکیتر کۆنسولخانەی ئەو ڕێژیمە لە کەربەلا کەوتە بەر هێرشی خۆپێشاندەران و ئەوە بۆ جاری دووهەمە کە لە ماوەی حەفتەیەکدا ئەو کۆنسولخانە دەکەوێتە بەر هێرشی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی عێراق لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان. لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی خەڵکی عێراقدا، ناڕازایەتی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دیار و بەرچاو بوو. خۆپێشاندەران دروشمی دژ بەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و ئاژاوەگێڕە دەدەن و وێنەکانی خومەینی و خامنەیی و قاسم سولێمانی و ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێنران و کەوتوونەتە ژێر پێی خەڵکەوە. دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە نەک هەر بۆتە بەڵای سەری خەڵکی ئێران، بەڵکوو بۆتە هۆی ئاژاوە و فیتنە و شەڕی براکوژی لە ناو گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و، سیاسەتی ئەو ڕێژیمە بەگژ یەکدا کردنی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکەیە بۆ ئەوەی بتوانێ ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە تێکبدا و هێژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنێ.