کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکووم کردنی ڕووداوەکانی یاریگای تەورێز لە لایەن بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران

14:30 - 13 خەزەڵوەر 2719

هۆشداری کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلسی ئێران بە وەزیری وەرزش و لاوان سەبارەت بە مەحکومکردنی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی یاریگای تەورێز. بەشێک لە نوینەرانی مەجلیسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە نووسینی نامەیەک سەبارەت بەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر کە لە نێوان یاری تۆپی‌پێی تیمی تراکتۆسازی تەورێز و ئیستقلالی تاراندا، هاتە ئاراوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و هۆشداریان دایە "سوڵتانی فەڕ" وەزیری وەرزش و داوایان لە ناوبراو کرد کە بەدواوداچوون بۆ هەوڵی ڕەگەز پەرەستانەی بەشێک لە لایەنگرانی تراکتۆرسازی تەورێزدا بکا و نەهێڵن بۆ جارێکی دیکە دووپات ببێتەوە. لەو نامەیەدا هاتووە کە نابێ ڕێگە بە گرووپ یا کەسانی ڕەگەزپەرەست بدرێ بە هەڵکردنی ئاڵای وڵاتێکی دیکە بێڕێزی بە فارس و کوردەکان و کاپیتانی یانەی ئیستقلال "وریا غەفوری، بکرێ کە پشتیوانییان لە خەڵکی بێ تاوانی سووریە کردووە. نوێنەرانی مەجلیس ئەو هەنگاوە بە هۆکاری سەرەکی دەزانن بۆ جیا بوونەوەکانی نەتەوەیی و داوایان لە دەوڵەت کرد پێش بە دووپات بوونەوەی بگرن. شایانی باسە کە هەر لەو پێوەندییەدا "بەرەی یەکگرتووی کورد" یش، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بەداخەوە ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ یاری تۆپی‌پێی نێوان تیمی تراکتۆرسازی تەورێز و ئیستقلالی تاران، شایدی بێڕێزی پێکردن و دروشمدانی هێندێک لە لایەنگرنی تراکتۆرسازی بووین کە بە شێوەی هاوئاهەنگ و پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراودا بە دژی کوردەکان، وێڕای هەڵگرتنی ئاڵای وڵاتی تورکیە بێ ئەوەی هێزەکانی ئینتزامی هیچ پێشگیریەکیان لێبکەن. چەند ساڵێکە کە بەشێک لە ئازەری زمانەکانی ئێران کەوتوونە ژێر کاریگەریی سیاسەتی دژ بە کوردی دەوڵەتی تورکیە و دژایەتی کردنی کوردەکان و، شایدی هەڵسوکەوتی ناشیاو و دروست کردنی ئاڵۆزی لە یاریگاکان و شوێنە گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووین کە بەو پەڕی بێ بڕوایی دیتمان هێندێک لە بەرپرسان و نوێنەرانی مەجلیس بەرانبەر بەو کردەوەیە لە گەڵ ئەو کەسانە هاوڕابوون یا بێدەنگیان هەڵبژارد و هیچ دژکردەوەیەکیان لەخۆیان نیشان نەدا، بە شێوەیەک کە ئەو هەڵسوکەوتە بۆتە هۆی دروست بوونی کەشێکی ئەمن بۆ ئەو کەسانەی ئەو پشێوییەیان ساز کردووە. بەرەی یەکگرتووی کورد" نیگەرانی خۆی لە ڕوودانی کارەساتی لەو چەشنە دەربڕێ و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو ڕووداوانە دەبنە هۆی درووست بوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتیانی ئێراندا و ئەمنییەتی کورد و تورک دەخاتە مەترسییەوە. بەرەی یەکگرتووی کورد داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا بێدەنگی بشکێن و پەرە بە سیاسەتی دژ بە کورد بوون نەدەن و نەهێڵن دەوڵەتی تورکیە کە دەیهەوێ حکومەتی لێکهەڵوەشاوی عوسمانی دووبارە بونیاد بنێتەوە و کاریگەری لەسەر گەلانی ئێران هەبێ. هەروەها داوا لە ڕوناکبیران، زانایان و هونەرمەندانی تورک و ئازەری دەکەن بۆ پێشگرتن بە چاندنی تۆوی ڕق و کینە و پشێوی هەوڵی خۆیان بدەن و ڕێگە نەدەن بکەونە داوی دەوڵەتی تورکیە و ناکۆکییەکان پەرەبستێنن.