کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەستدانی ١٤١ کەس لە کرماشان بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە

16:53 - 13 خەزەڵوەر 2719

لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە ١٤١ کەس لە گیرۆدەبووان بە مادە هۆشبەرەکان لە کرماشان گیانیان لە دەستداوە. دۆخی کەسانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران بە گشتی نالەبارە و ڕۆژ نییە کە چەند کەسێک نەبنە قوربانیی ماددە هۆشبەرەکان. کاربەدەستانی پێوەندیدار لە ئێران لەمبارەوە هیچ هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ پێشگیری لەم دۆخە نالەبارە نەداوە و بە تایبەتی کوردستان بە تەواوی پشت گوێ خراوە و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە پەرەسەندندایە. لەو پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەوڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاند کە: "١٤١ کەس بەهۆی بەکاربردنی ماددەی سڕکەر لەو شارەدا، گیانیان لەدەست داوە و ئەمەش بەپێی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو کە ڕێژەی قوربانییەکان ٤٧ کەس بووە، سێ بەرابەر زیادی کردووە". جێگای ئاماژەیە کە گیان لە دەستدانی خووگران بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، تەنیا کێشەی کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان نییە. ئەو بەرپرسە لەو بارەوە ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەو شارە کرد و ڕایگەیاند: "٣٦٤ کەس تووشی ڕووداوی کار بوونە و لەوانەش ١٥ کەس گیانیان لەدەست داوە". هەروەها باسی لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو شارە کرد، وەکوو: "گیان لەدەستدانی ٢٩٥ هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی ١٢ هاووڵاتی بەهۆی گازگرتووەییەوە. هەروەها ١٦ کەس بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە گیانیان لەدەست داوە و ١١ کەسیش ژەهراوی بوون. هەورەها ٣٢ حاڵەتی هەڵەی پزیشکی ڕوویداوە کە لە ١٣ حاڵەتدا، دوکتۆرەکان لە دادگادا مەحکووم بوون و گیان لەدەستدانی نەخۆشەکانیان بەسەردا ساغ بۆتەوە.