کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر مانگرتنی پێشەوای دەروێشەکانی گونابادی

17:01 - 13 خەزەڵوەر 2719

گوشاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەروێشە گونابادییەکان درێژەی هەیە و هەر بەو بۆنەوە "نوورعەلی تابەندە"پێشەوای بەساڵاچووی دەروێشەکان مانی لە خواردن گرتووە. بە پێی هەواڵێک کە لە کەسە نزیکەکانی ناوبراوەوە گەیشتووە، پاش بردنەوەی لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندیخانە، نەیانهێشتووە چاوی بە دەروێشەکانی خۆی بکەوێ و ئیزنی چاوپێکەوتنیان لە گەل هیچ کەسدا پێ نەداوە هەر بۆیە ماوەی چوار ڕۆژە مانی لە خواردن گرتوە. عەلیڕەزا ڕەوشەن"نووسەر و شاعیر کە خۆی لەو دەروێشانەیە و پێشتر لە زینداندا بووە دەڵی: پاش ڕووداوەکانی گوڵستان لە ساڵی ٩٦دا ڕێژیم حوسەینیەی دەروێشەکانی لە تاران داخستوە و تەنانەت ماڵی نوورعەلی تابەندەش لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆ دراوە و ئیزن بە دەروێشەکان نادەن کە سەردانی ماڵی ناوبراو بکەن. هەروەها لە سەرانسەری ئێراندا شوێنەکانی تایبەت بەوانیان بەستووە وئیزنی هیچ چەشنە کۆبوونەوەیەکیان پێنادرێ. شایانی باسە کە لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکرێ لە بیر و مەزهەبە جیاوازەکان و بەردەوام دەچەوسێندرێنەوە کە دەتوانین بەهاییەکان و خەڵکی سوننی ئێرانیش وەکوو نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم ستەمە بێنینەوە. سەرەڕای بوونی زیاتر لە یەک میلیۆن سوننی لە تاراندا بەڵام ئیزنیان پێنادرێ مزگەوتێک بۆ خۆیان دروستبکەن و هەروەها دەسبەسەر شوێنە تایبەتەکانی بەهاییەکانیشدا دەگرن و تەنانەت ناهێڵن لە زانکۆکاندا دەرس بخوێنن.